دووەمین کۆبوونەوەی گەڕی چوارەمی دیالۆگی ستراتیژی نێوان عێراق و ئەمه‌ریکا بەڕێوەچوو

"فەرماندەی فەرماندەیی هێزە هاوبه‌شه‌كانی عێراقی و هێزەکانی پێشمەرگە ڕاپۆرتی خۆیان پێشکەش کرد"
دووەمین کۆبوونەوەی گەڕی چوارەمی دیالۆگی ستراتیژی نێوان عێراق و ئەمه‌ریکا بەڕێوەچوو
دووەمین کۆبوونەوەی گەڕی چوارەمی دیالۆگی ستراتیژی نێوان عێراق و ئەمه‌ریکا بەڕێوەچوو

K24- هه‌ولێر:

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، لە بارەگای فەرماندەیی هێزە هاوبەشەکانی عێراق لە بەغدا، لیژنەی باڵای ئاسایش و سەربازی تایبەت بە دیالۆگی ستراتیژی لە نێوان عێراق و  ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمه‌ریکا، بەسەرپەرشتی قاسم ئەعرەجی (ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراقی) و بە سەرۆکایەتی فه‌ریق روکن عه‌بدولئه‌میر شه‌مه‌ری، جێگری فەرماندەی گشتی هێزە هاوبەشەکانی عێراق، جەنڕاڵ برینان فەرماندەی هێزی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا و عەمید روکن هەژار عومەر ڕاوێژکاری باڵای وەزارەتی پێشمەرگە و نوێنەری هەرێمی کوردستان لە لیژنەی باڵای ئەمنی و بەرگری دیالۆگی ستراتیژی نێوان عێراق-ئەمه‌ریکا، دووەم کۆبوونەوەی گەڕی چوارەمی دیالۆگی ستراتیژی نێوان عێراق-ئەمه‌ریکا، به‌ڕێوه‌ چوو.

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ رایگه‌یاند، لەکۆبوونەوەکەدا، باس لە هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی رێککەوتنی دیالۆگی ستراتیجی نێوان عێراق و ئەمه‌ریکا کرا، هەردوولا پابەندی خۆیان پیشاندا بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکانی رێککەوتنی نێوان هەردوو وڵات، کە بڕیارە تا کۆتایی ئەمساڵ هێزە شەڕکەرەکانی ئەمه‌ریکا ڕۆڵیان لە هێزی شەرکەرەوە بۆ هێزی پاڵپشتی بگۆڕێت.

راشیگه‌یاند، هەر لەکۆبوونەوەکەدا، فەرماندەی فەرماندەیی هێزە هاوبه‌شه‌كانی عێراقی و هێزەکانی پێشمەرگە ڕاپۆرتی خۆیان پێشکەش کرد، سەبارەت بەبوارەکانی پەیوەندی ستراتیجی لەگەڵ هێزەکانی ئەمه‌ریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان، هەروەها گرنگترین ئەو پێداویستیانەی بۆ بەرزکردنەوەی ئامادەسازی و ئاستی هێزەکانی عێراقی و هێزەکانی پێشمەرگە پێویستن، پێشکەش بەشاندی هاوپەیمانان کران.

جه‌ختیكرده‌وه‌، هەر لە کۆبوونەوەکەدا، لایەنی عێراقی پابەندی خۆیان دووپات کردەوە بە پاراستنی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق، هێزەکانی هاوپەیمانانیش بەڵێنیاندا، بەردەوام بن لە پاڵپشتی و ڕاوێژ دان بەهێزەکانی عێراقی و هێزەکانی پێشمەرگە لەشەڕی دژی داعش.

لایه‌نێكی كۆبوونه‌وه‌كه‌
لایه‌نێكی كۆبوونه‌وه‌كه‌