ئیتاڵییەك بە ناوی بازرگانی پارەی دوو هاووڵاتی کورد دەبات

به‌ ڤیدیۆ.. خاوه‌ن پاره‌كه‌ چیرۆكی ده‌ستگیركردنی ئیتاڵییه‌كه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌

K24- هه‌ولێر:

کوردستان24 چیرۆکی بردنی پارەی دوو ھاووڵاتی خەڵکی سلێمانی، کە بریکاری قاوەن دەگێڕێتەوە، کاتێک ئەم دوو کەسە بڕە پارەیەکی زۆر بە مەبەستی کاری بازرگانی بە کەسێکی ئیتاڵی دەدەن و ئەویش پارەکەیان دەخوات، ئێستا ئەو کەسە ئیتاڵییە لەلایەن پۆلیسی سلێمانییەوە دەسگیرکراوە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت.

بازرگانێك له‌ سلێمانی ماوەی چەند ساڵێکە لە بواری بازرگانیکردن بە قاوە و ئامێری قاوە دروستکردن کار دەکات، ئەو بۆ فراوانکردنی کارەکەی بڕیار دەدات لە ھەولێر ئۆفیسێکی ھاوشێوەی ئەمەی سلێمانی بکاتەوە، ھەر بۆیە ھاوڕێیەکی کە له‌ ھەمان کار دەکات، کەسێکی پێدەناسێنێت، لە ئیتاڵیایەوە ھاتووە بۆ سلێمانی و بەڵێنی ئەوەی پێدەدات کارەکەی بۆ فراوان بکات، بەڵام بە پێچەوانەوە پاش ماوەیەک و وەرگرتنی پارەیەکی زۆر ئەو کەسە کوردستان جێدەھێڵێت و بەرەو تورکیا راده‌كات.

لوقمان سەعید، كه‌ بریکاری بڕاندێکی قاوەی ئیتاڵییه‌ لە سلێمانی، ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، پێشتر كارمه‌ندێكمان هه‌بوو خه‌ڵكی ئیتاڵیا بوو، لای ئێمه‌ كاری ده‌كرد، زیاتر له‌ 9 هه‌زار یۆرۆشمان پێیدابوو، داوامان  لێكردبوو كاره‌كانی خۆی له‌ هه‌ولێر رێكبخات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سه‌رده‌می كۆرۆنا بوو و هاتووچۆ نه‌بوو، نه‌مانده‌زانی چی ده‌كات.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ئه‌و ئیتاڵییه‌ وێنه‌ی بارداگرتن و كۆگایه‌كیشی بۆ ده‌ناردین، ئێمه‌ كاڵای زیاترمان بۆی ‌نارد، كه‌ بایی 40 هه‌زار دۆلار بووه‌، له‌ ئیتاڵیاش كاڵامان بۆ هاتبوو، كه‌ بایی 98 هه‌زار یۆرۆ بووه‌، به‌ڵام خیانه‌تی له‌و ئه‌مانه‌ته‌ كرد و ئێره‌ی جێهێشت.

ماوەی دوو مانگ دەبێت پۆلیس ئەو کەسە ئیتاڵییەی دەستگیرکردووە و ئێستا لە بنکەی پۆلیسی سەرا دەستبەسەرە و دادوەر پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کردووه‌تەوە، چاوەڕێ ئەوە دەکرێت، کە دادگای بکرێت.

سەرکەوت محەمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی پۆلیسی سلێمانی گوتی: "سكاڵای یاسایی له‌سه‌ر ئه‌و ئیتاڵییه‌ تۆماركراوه‌، كه‌ كاڵای ئه‌و بازرگانه‌ی سلێمانی بردووه‌، دادوه‌ر فه‌رمانی گرتنی بۆ ده‌ركردووه‌، له‌ (22ی ئه‌یلوول/ سێپتێمبه‌ری 2021)ـه‌وه‌ به‌ندكراوه‌‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ دۆسیه‌كه‌ی به‌رده‌وامه‌، كه‌سێكی دیكه‌ش سكاڵای له‌سه‌ر تۆماركردووه‌، ئێستا دوو دۆسیه‌ی له‌سه‌ر هه‌یه‌".

لوقمان سەعید-ی بریکار ساڵی رابردوو دوای ئەوەی بۆی دەردەکەوێت، کە ئەو کەسە ئیتاڵییە فێڵی لێکردووە و پارەکەی خواردووە و چووە بۆ دەرەوەی وڵات، به‌ شێوازێك گفتوگۆی لەگەڵ دەکات و رازی دەکات بگەڕێته‌وە بۆ کوردستان، راستەوخۆ لەگەڵ گەڕانەوەشیدا بە فەرمانی دادوەر دەستگیردەکرێت.