بۆمبێك بە ماڵی كاندیدێكی سەربەخۆدا تەقێنرایەوە

K24 - ههولێر:
لە پارێزگای دیوانیە بەرەبەیانی ئەمڕۆ شهممه (6ی تشرینی دووهم/ نۆڤهمبهری 2021) بۆمبێکی چێنراو بە ماڵی یەکێک لە پەرلەمانتارە دەرچووەکانی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا تەقیوەتەوە.
سەرچاوەکانی هەواڵی عێراقی لە زاری "نازم فاهم شبلی"، پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە خولی نوێی پەرلەمانی عێراق بڵاویانکردووتەوە، کە کاتژمێر پێنجی بەرەبەیانی ئەمڕۆ ماڵەکەی لە قەزای غەماس لە رۆژئاوای پارێزگای دیوانیە بە بۆمبێکی چێنراو کراوەتە ئامانج.
هەروەها ئاماژەیداوە، جگە لە زیانگەیاندن بە چەند ئۆتۆمبیلێك و چەند زیانێکی دیکەی ماددی، هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
