وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌: ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق کۆتایی هات

"لە کاتژمێر 12،30 نیوه‌ڕۆ، هەردوو هێزەکە لە بۆشاییە ئەمنیەكان بەیەک گەیشتن"
هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان
هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان

K24- هه‌ولێر:

راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگەی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقی ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشیان لە سنووری پارێزگای نەینەوا بەسەرکەوتوویی ئەنجامدا.

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ رایگه‌یاند، کاتژمێر 6ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 6-11-2021 هێزەکانی میحوەری شەشی هێزی پێشمەرگە لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا، ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی سەربازییان دەستپێکرد و لە کاتژمێر 12،30 نیوه‌ڕۆ، هەردوو هێزەکە لە بۆشاییە ئەمنیەکانی نێوان میحوەرەکانی یەک و دووی ئۆپەراسیۆن بەیەک گەیشتن.

راشیگه‌یاند، لەمیانی بەیەکگەیشتنەکەدا، بەئامادەبوونی فەرماندەی هێزەکانی فەرەنسا لەعێراق، دیدارێکی هاوبەش لەنێوان فەرماندەی میحوەری (مەخمورـ دیبەگە)و  فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی (نەینەوا) بەڕێوەچوو.

روونیكرده‌وه‌، ئۆپەراسیۆنەکە بە پشتیوانی هێزی ئاسمانیی عێراقی و فڕۆکەکانی هاوپەیمانان لە ناوچەکانی کوشافی سەروو و کوشافی خواروو ئەنجام درا تیاییدا ناوچەکە لە پاشماوەکانی داعش و تیرۆریستان، کە دەکەونە سنووری نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بەتەواوی پشکنران و پاککرانەوە.

جه‌ختیكرده‌وه‌، بەشێکی تری ئۆپەراسیۆنەکە پاککردنەوەی ئەو دوورگە ناوەندییە دووردەستانە بوون، کە کەوتونەتە سەر زێی گەورە و تیرۆریستان وەک مۆڵگەی خۆیان بەکاریان دەهێنا.

ئاماژه‌یپێكرد، ئەمە یەکەمین ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عیراقە کە لەو ناوچانە ئەنجامبدرێت،  كه‌ دوای رێککەوتنی نێوان هێزی پێشمەرگه و سوپای عێراقی دێت لە دروستکردنی بنکەی هەماهەنگی هاوبەشی نێوان هەولێر ـ بەغدا و چوار بنکەی دیكه‌ی هاوبەش.

لەدواین دیدارە بەردەوامەکانی وەفدی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە بەسەرۆکایەتی سەرۆکی ئەرکان و وەفدی باڵای عێراقی بەسەرۆکایەتی جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکان، هێزەکان ئەرکداردەکرێن بە پاراستنی ئەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنییان هەیە. کە بەهاوبەشی هێزی پێشمەرگەو سوپای عیراق بپارێزرێت.