ده‌ست به‌ دروستكردنی كۆدی بێ هاوتا بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ ده‌كرێت

دۆسیەی شەھیدانی شەڕی داعش تەواوبووە و دەخرێتە سەر وەزارەتی شەھیدان

K24- هه‌ولێر:

جێبەجێكردنی چاكسازی لە دامەزراوەكانی حكومەتی ھەرێمی كوردستان بەردەوامە، دوای دروستكردنی كۆدی بێ ھاوتا بۆ فەرمانبەران و پۆلیس، عه‌بدولحه‌كیم خه‌سره‌و، سكرتێری لیژنەی باڵای چاكسازی رایگه‌یاند، لەم ھەفتەیە دروستكردنی كۆدی بێ ھاوتا بۆ ھێزەكانی پێشمەرگە دەستپێدەكات و دۆسیەی شەھیدانی شەڕی داعشیش تەواوبووە و دەگوازرێتەوە بۆ سەر وەزارەتی شەھیدان.

هاوكات له‌كاتێكیشدا راپۆرتی چواره‌می رێكخراوی ستۆپ لە بواری جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی و بەڵینەكانی حكومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ چاكسازی خرایەروو، فه‌رمان ره‌شاد، سەرۆكی ئه‌و رێكخراوه‌ دووپاتیكرده‌وه‌، كابینەی نۆیەم چاكسازیی كردووەتە ستراتیژیەتی كارنامەی كابینەكەی.

هه‌وره‌ها داواشی كرد، ئاستەنگە سیاسیەكان بەردەم جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە لابدرێن.

به‌گوێره‌ی یاسای چاكسازی، یەكخستنەوەی ھێزەكانی پێشمەرگە بەردەوامە و ئێستا 46 ھەزار پێشمەرگە بە كرداری سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەن و لە چوارچێوەی یاسای چاكسازیش دەستكراوە بە دروستكردنی دۆسیە بۆ ھێزەكانی پێشمەرگە.

H.B