سەدر هەنگاوەکانی بۆ پێکهێنانی حکومه‌ت چڕ ده‌كاته‌وه‌

سەدر هەوڵی پێکهێنانی حکومەتی بنكه‌فراوان ده‌دات
سەدر هەوڵی پێکهێنانی حکومەتی بنكه‌فراوان ده‌دات
سەدر هەوڵی پێکهێنانی حکومەتی بنكه‌فراوان ده‌دات

K24 - هه‌ولێر:

گفتوگۆكانی رەوتی سەدر لەگەڵ لایه‌نه‌كان بۆ پێكهێنانی هاوپه‌یمانێتی به‌مه‌به‌ستی راسپاردنیان بۆ حكومه‌تی نوێ له‌كاتێكدایه‌، كه‌ تا ئێستا ئه‌نجامی كۆتایی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌ختی پەرلەمان رانه‌گه‌یه‌ندراوه‌. سەرچاوەیەك لە رەوتی سەدر راگەیاندووە، سەردانەکەی موقتەدا سەدر بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردەى هەندێک لایەن پەیامێک بوو بۆ لایەنە شیعیەکانی دیکە لە چوارچێوەی هەماهەنگیدا، کە توانای پێکهێنانی حکومەتی بنكەفراوانی ھەیە.

ناوەندی سیاسی عێراق بە سەردانە چاوەڕوان نەکراوەكەی موقتەدا سەدر بۆ بەغدا تووشی شۆك بوو. لەگەڵ گەیشتنی موقتەدا سەدر، رێبەرى رەوتى سەدر بۆ بەغدا، کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردەى هەندێک لە لایەنە سیاسیەکان دەستیپێکرد، لەو چوارچێوەیەدا سەدر لەگەڵ محەمەد حەلبوسى، سەرۆکى هاوپەیمانى تەقەدوم و عەممار حەکیم سەرۆکى رەوتى حیکمە كۆبووەوە.

لەوبارەوە سەرچاوەیەك لە رەوتی سەدر، بە رۆژنامەی "العربي الجديد"ی راگەیاندووە، سەردانەکەی سەدر بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردەى هەندێک لایەن پەیامێک بوو بۆ لایەنە شیعیەکانی دیكه‌ لە چوارچێوەی هەماهەنگیدا، کە توانای پێکهێنانی حکومەتی بنكەفراوانی ھەیە.

ئاماژەی بەوەشكرد، ھەنگاوەكان بۆ پێكھێنانی حكومەتێكی بنكەفراوان چەند ھۆكارێكی لە پشتە لەوانە، سەرەتا دیالۆگەکان لەگەڵ کوتلەی فەتح و دەوڵەتی یاسادا دەستیان پێنەکرد تا ئەو کاتەی، کە دەگوترێت گەیشتوونەتە بنبەست. ئێستا هەردوولا ھەرجۆرە دیالۆگێك بەر لە چارەسەرکردنی قەیرانەكانی تایبەت بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان رەت دەكەنەوە.

لەلایەكی دیكەوە رەحیم عەبدی، سەرکردە لە رەوتی حیکمە رایگەیاند، ئەو جموجۆڵانەی سەدر دەیكات، ئامانج لێی هێورکردنەوە و دەرچوونە لەو گەمارۆ سیاسییەی کە خەریکە کاریگەری لەسەر واقیعی ئەمنی دروست دەکات.

روونیشكرده‌وه‌، بە پێی نەریتی سیاسی عێراقی قبوڵ ناکرێت، لایەنێكی شیعە لەگەڵ لایەنەكانی دیكه‌ ھاوپەیمانی بكات بۆ پێكھێنانی حكومەت، بۆیە هیچ کێشەیەک نییە لە بوونی هاوپەیمانی نێوان سەدر و حەلبوسی بەو مەرجەی هێزە شیعیەکانی دیكه‌ پشتگوێ نەخرێن، كە دەبێت ئاگادار بكرێنەوە لە هەموو ئیستحقاقەکانی حکومەتی نوێ.

عەبودی، ئاشكرایشیكرد، لە كۆبوونەوەكەیاندا حەکیم سەدری ئاگادارکردووه‌تەوە کە ئەو هێزانەی دژی هەڵبژاردنەکانن تێبینیان لەسەر کارەکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان هەیە و چاوەڕێی راگەیاندنی ئەنجامە کۆتاییەکان دەکەن.

سەردانەکەی سەدر بۆ بەغدا هاوکات بوو لەگەڵ هەڵکشانی ناڕەزایەتی لایەنگرانی ئەو هێزانەی دژی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنن، وەک ئەوەی لە رۆژی هەینی روویدا و لە ناوچەی سەوزی بەغدا توندوتیژی روویدا و پێكداكانی نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکانی لێكەوتەوە، هەر ئەمەش بووە هۆکار تاوەکو سەدر تەواوی مەبەستەکەی لە مانۆرە سیاسییەکەی نەپێکێت و بگەڕێتەوە نەجەف.