یونامی بە توندی ئیدانەی هەوڵی تیرۆركردنی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەکات

"دڵخۆشین کە سەرۆك وەزیرانی عێراق له‌ هه‌وڵی تیرۆركردن سەلامەت دەرچوو"
نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان
نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان

K24 - هه‌ولێر:

نێردەی تایبه‌تی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عێراق (یونامی) بە توندترین شێوە ئیدانەی هەوڵی کوشتنی سەرۆك وەزیران، موستەفا کازمی، دەکات.

له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا نێردەی تایبه‌تی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگه‌یاند،  دڵخۆشین کە سەرۆك وەزیرانی عێراق له‌ هه‌وڵی تیرۆركردن سەلامەت دەرچوو، كه‌ لە رێگه‌ی درۆنه‌وه‌ له‌ماڵه‌كه‌ی خۆی هێرشی كرایه‌ سه‌ر.

راشیگه‌یاند، تیرۆر و توندوتیژی و کاری نایاسایی، نابێت ڕێگەیان پێبدرێت کاریگەری لەسەر سەقامگیری عێراقی دروست بکەن و پرۆسەی دیموکراسی بە لاڕێدا ببەن.

جه‌ختیكرده‌وه‌، نێردەی تایبه‌تی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای خۆی دەخاتە پاڵ داواکەی سەرۆك وەزیران بۆ پاراستنی هێمنی و دانبەخۆداگرتن.

روونیكرده‌وه‌، یونامی هانی هەموو لایەنەکان دەدات کە بەرپرسیارێتی بگرنە ئەستۆ بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخەکە و دەستپێکردنی گفتوگۆ بەمەبەستی کردنەوەی گرێیە سیاسییەکان و بەرزڕاگرتنی بەرژەوەندی نیشتیمانی لە عیراقدا.

ئاماژه‌یپێكرد، نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ هەموو ئەو عێراقیانه‌یه‌ كه‌ داوای ئاشتی و سەقامگیری دەکەن، ئەوان شایەنی زیاترن.