ململانێی هەژموونی چین و ئەمهریکا لهسهر كێڵگهی گورنه1-ی عێراقه
K24 - ههولێر:
پێگەی ئۆیل پرایسی بەریتانی، کە پەیوەستە بە دۆسیەی وزە، بابەتێکی لەبارەی شکستی ئەمهریکا لە کێڵگەیەکی عێراق ورووژاندووە، کە واشنتن لە یەکێک لە گەورەترین کێڵگە نەوتییەکانی جیهان شکستی هێناوە.
لە راپۆرتی ئەو پێگەیەدا هاتووە، لە میانی سەردانی مستەفا کازمی لە مانگی ئابی 2020 بۆ واشنتن و کۆبوونەوەی لەگەڵ "دۆناڵد ترەمپ"، سەرۆکی پێشووی ئەمهریکا، کازمی پەیمانی بە ترەمپ دا، کە کارکردن لە چەندین پڕۆژە لەگەڵ کۆمپانیا ئەمهریکا دەستی پێکردووە و هێزێکی ئەمنی گەورەش پارێزگاری لە تیمە ئەمهریکییەکان دەکەن.
ئەو پێگەیە ئاماژەی بەوەداوە، نیازی ئەمهریکا لەو نزیکبوونەوەیە سنووردارکردنی هەوڵەکانی چین و رووسیا بوو بۆ سنووردارکردنی پەلهاویشتنیان بۆ نێو عێراق، هەروەها رێگریکردن بوو لە لاوازکردنی هەژموونی واشنتن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئامانجی عێراقیش لە سەردانەکە، بەدەستهێنانی بەخشینی دیکە بوو لەلایەن واشنتنەوە بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لە هاوردەکردنی گاز و کارەبای ئێران، هەروەها رازیکردنی واشنتن بوو بۆ پێشکەکردنی هاوکاری دارایی و نەسەپاندنی سزای دارایی بەسەر بەغدادا.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، پەسەندکردنی گرێبستێک بە قەبارەی 480 ملیۆن دۆلار لەگەڵ کۆمپانیای شلەمبەرجەری ئەمهریکی بۆ هەڵکۆڵینی 96 بیری نەوتی لە کێڵگەی رۆژئاوای گورنە 1، دەرخەری راستی ئەو یاریەی عێراقە لەگەڵ ئەمهریکا و چین.
لە لایەکی دیکەشەوە وا بڵاوکراوەتەوە، کە کۆمپانیای هالیبەرتۆنی ئەمهریکی ماوەیەکی درێژە لەگەڵ کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیل دەستی بە دانوستاندن کردووە، بۆ ئەوەی پشکەکانی لە کێڵگەی رۆژئاوای گورنە 1 بکڕێتەوە. ئەوەش دەرخەری ئەو راستیەیە ئەمهریکا دەیەوێت رێگری لە هەژموونی چین لە عێراق بکات.
کێڵگەی رۆژئاوای گورنە 1، بە 65 کیلۆمەتر لە ناوندی پارێزگای بەسرە دوورە، یەدەگەکەی بە 43 ملیار بەرمیل نەوت دەخەمڵێندرێت. وەزارەتی نەوتی عێراق پلانی داڕشتووە لە پێنج ساڵی ئایندەدا ئاستی بەرهەم هێنان لە کێڵگە بۆ 700 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بەرزدەکەنەوە. هەروەها توانای دەرهێنانی نەوتی كێڵگەکە 20 ملیار بەرمیل نەوتە.
لە راپۆرتەکەی ئۆیل پرایسدا هاتووە، سەرەڕای ئەوەی ئێستا رۆژانە 380 هەزار بەرمیل نەوت لە کێڵگەکە بەرهەم دەهێندرێت، بەڵام وەزارەتی نەوتی عێراق بڵاویکردووەتەوە، توانای بەرهەمهێنان لە کێڵگەکە ناگاتە 500 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە، بەڵام ئەو بیرە نوێیانەی لەلایەن کۆمپانیای شلەمبەرجەرەوە هەڵدەکۆڵدرێن، توانای بەرهەمهێنانی کێڵگەکە بە بڕی 200 هەزار بەرمیل نەوتی دیکەی رۆژانە بەرزدەکاتەوە.
هەر لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەدراوە، سەرەڕای کێڵگەی رۆژئاوای گورنە 1 چەندین کێڵگەی دیکەی عێراق تێچووی بەرهەمهێنانی 1- 2 دۆلار بۆ هەربەرمیلێک لەسەر ئاستی جیهاندا کەمترە، ئەوەش یەکسانە بە باشترین کێڵگە نەوتییەکانی سعودیە و ئێران.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، کێڵگەی رۆژئاوای گورنە 1 سەرەڕای یەدەگە زەبەلاحەکەی بەڵام کورتهێنانی لە ئاوی پێویست هەیە، تاوەکو گوشار بۆسەر کێڵگەکە دروستبکرێت و ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی پێ بەرزبکرێتەوە، تەنانەت جێبەجێکردنی پڕۆژەی دابینکردنی ئاوی دەریاش (CSSP) ئەنجامێکی ئەوتۆی نەبووە. راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەداوە، لەسەرتاسەری جیهان کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیل تاکە کۆمپانیایە لە راکێشانی ئاوی دەریا بۆ کێڵگەی نەوتی سەرکەوتوو بێت، بەڵام ئەوەی دەبینرێت ئەو کۆمپانیا ئەمهریکییە گرنگییەکی ئەوتۆی بە کێڵگەکە نەداوە، لە کاتێکدا خاوەنداری سەدا 32.7ـی کێڵگەی رۆژئاوای گورنە 1 دەکات.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، سەرەڕای ئەوەی ئێکسۆن مۆبیل نیازی نییە لە کێڵگەکە بەردەوام بێت، لەم چەند مانگەی دواییشدا چەندین کۆمپانیای دیکەی رۆژئاوا هەمان بیرۆکیان هەیە، تەنانەت بە دیاریکراوی ئەو هەواڵانە دوورن لە راستییەوە، کە ئەمهریکا دەیەوێت گرێبەستی شلەمبەرجەر لە کێڵگەی رۆژئاوای گورنە 1 بۆ تۆکمەکردنی هەژموونی لە کێڵگە نەوتییەکانی عێراق بەکاربهێنێت.
لەگەڵ ئەوەشدا، راپۆرتی ئەو پێگە بەریتانییە ئاماژەی بەوەداوە، ئەو گەندەڵییە فراوانەی پەیوەستە بە دەردانی گازی هایدرۆکاربۆنی عێراق، بەڵام چین لەهەمان کێڵگە نەوتییەکان شوێن پێی خۆی قایم دەکات، بە تایبەت دوای ئەوەی ئەمهریکا بە روونی نیازی خۆی نیشانداوە، کە دەیەوێت رۆڵی خۆی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەی دیکە وەک ئەفغانستان کەمبکاتەوە.
راپۆرتەکە روونی کردووەتەوە، لە کاتێکدا کە چین لەگەڵ ترەمپ لە جەنگی بازرگانیدا بووه، لە هەمان کاتدا خۆی بە دوور دەگرت لە سەردەڕێ ئەو هەواڵانەی باس لە گرێبەستی گەورەی گەڕان و پەرەپێدانی کێڵگەی زەبەلاحی جیهان دەکەن، لەبری ئەوە چەندین گرێبەستی لە بەرژەوەندی کۆمپانیاکانی ئەندازیاری و خزمەتگوزاری چینی یەکلایی دەکردەوە، کە کەس گوێی لە ناوەکانیان نەبووبوو.
یەکێک لەو گرێبەستانەش، بریتی بوو لە رێککەوتنیان لە کێڵگەی رۆژئاوای گورنە 1 لە عێراق، سەرەڕای ئەوەی 32.7%ـی کێڵگەکە لەلایەن پێترۆچایناوە خاوەنداری دەکرا، کە پەکین هەوڵی دەدا پلە بە پلە کۆنترۆڵی قازانجی گرێبەستە زەبەلاحەکان بکات بە کۆمپانیا چینییەکان دەبخشران.
لە دیارترینیان ئەنجامدانی گرێبەستێکی ئەندازیاری بە قەبارەی 121 ملیۆن دۆلار بوو بۆ پەرەپێدانی ئەو ئاسانکارییانە بۆ بەرهەمهێنانی گاز بەکاردەهێندرێت، کە کۆمپانیای چاینا پێترۆلیۆم واژۆی کرد، بەمەش چین دەبێتە یاریکەری سەرەکی لە کێڵگەی رۆژئاوای گورنە یەک، بەمەش کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیلی ئەمهریکی تاڕادەیەک دوورە پەرێز دەبێت. لەوەش گرنگتر وای لەو کۆمپانیا ئەمهریکییە کردووە نەتوانێت بەردەوام بێت لە پڕۆژەی درێژکردنەوەی ئاوی دەریا و لەبەرامبەردا ئەو کۆمپانیا چینە داواکاری دیکەی پێشکەش بە عێراق کردووە.
بە کشانەوەی ئێکسۆن مۆبیلیش لە پڕۆژەی درێژکردنەوەی ئاوی دەریا، کۆمپانیای پێترۆ چاینا وەک یاریکەری سەرەکی لە کێڵگەی گورنە 1 لە عێراق دەمێنێتەوە.