بایدن: پێویسته به‌رپرسیارانی "هێرشه تیرۆریستییه‌كه‌ی" سه‌ر ماڵی كازمی ده‌ستنیشان بكرێن

K24 – هه‌ولێر:
سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، جۆ بایدن به توندی ئیدانه‌ی ئه‌و "هێرشه تیرۆریستییه"ی كرد، كه به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ كرایه سه‌ر ماڵی مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق.
له به‌یاننامه‌یه‌كدا، كه كۆشكی سپی بڵاویكردووه‌ته‌وه، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا جۆ بایدن رایگه‌یاندووه، خۆشحاڵم كه سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق هیچ ئازارێكی پێنه‌گه‌یشتووه و هانی سه‌ركرده‌كان ده‌ده‌م بانگه‌واز بۆ ئارامی و دانبه‌خۆداگرتن و پاراستنی دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت و به‌هێزكردنی ئه‌و دیموكراسییه بده‌ن، كه عێراقییه‌كان شایسته‌ن بۆی.
له به‌شێكی دیكه‌ی به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه: پێویسته لێپرسینه‌وه له تاوانبارانی ئه‌و "هێرشه تیرۆریستییه" بكرێت، كه كراوه‌ته سه‌ر ده‌وڵه‌تی عێراق. ئێمه به‌و په‌ڕی گوزارشتی تونده‌وه ئیدانه‌ی ده‌كه‌ین و ئه‌وانه‌ی ئه‌و په‌لاماره‌یان ئه‌نجامداوه توندوتیژیی بۆ له باربردنی پرۆسه‌ی دیموكراتی عێراق پیاده ده‌كه‌ن.
سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، روونیكردووه‌ته‌وه، كه رێنمایی بۆ تیمی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مه‌ریكا ده‌ركردووه، تا هاوكاری هێزه ئه‌منییه‌كانی عێراق بكه‌ن، بۆ لێكۆڵینه‌وه له‌و هێرشه و ده‌ستنیشانكردنی به‌رپرسیارانی.
له كۆتاییشدا، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا دووپاتیكردووه‌ته‌وه، ئه‌مه‌ریكا به‌و په‌ڕی توانایه‌وه له‌گه‌ڵ حكومه‌ت و گه‌لی عێراق شانبه‌شان ده‌وه‌ستێت و پشتیوانی له سه‌روه‌ری و سه‌ربه‌خۆیی عێراق ده‌كات.