شوێنی هه‌ڵدانی درۆنه‌ هێرشبه‌ره‌كان بۆ سه‌ر ماڵی كازمی ئاشكراكرا

لە رێگەی مانگە دەستکردەکانەوە ئاشكراكراوه‌
یه‌كێك له‌ درۆنانه‌ی هێرشی كرده‌ سه‌ر ماڵی كازمی له‌ ناوچه‌ی سه‌وز
یه‌كێك له‌ درۆنانه‌ی هێرشی كرده‌ سه‌ر ماڵی كازمی له‌ ناوچه‌ی سه‌وز

K24 - هه‌ولێر:

وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق رایگه‌یاند، ئەو شوێنەی درۆنە هێرشبەرەکانى بۆ سەر ماڵى مسته‌فا كازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لێهەڵدراوە، ئاشکراکرا.

سەعد مەعن، بەڕێوەبەرى راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە وەزارەتى ناوخۆی عێراق ئاشکرایکرد، لەناوچەکانى باکوورى رۆژهەڵاتى بەغداوە، درۆنە هێرشبەرەکان بۆ سەر ماڵى مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق هەڵدراون.

سه‌عد مه‌عن ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ماوەى 10 بۆ 20 کیلۆمەتر درۆنه‌كان بە نزمی فڕیوون و هێرشەکەیان ئەنجامداوە، کە بەهۆیەوە 7 کەس له‌ پاسه‌وانه‌كانی كازمی برینداربوون.

پێشتریش سەرچاوەیەکی ئەمنی رایگەیاندبوو، لە رێگەی مانگە دەستکردەکانەوە وێنەی ئەو شوێنەیان گرتووە، کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تێدا هەڵدراون.

شه‌وی یه‌كشه‌ممه‌ (7ی تشرینی دووه‌م/ نۆڤه‌مبه‌ری 2021) هه‌وڵی تیرۆركردنی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق درا له‌ رێگه‌ی 3 فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وان، وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق رایگه‌یاندبوو، كه‌ هێزه‌ عێراقییه‌كان دوو فڕۆكه‌یان خستووه‌ته‌ خواره‌وه‌، یه‌كێكیشیان به‌ ماڵه‌كه‌ی كازمیدا ته‌قییه‌وه‌.