لە دەریای ناوەڕاست 800 کۆچبەر رزگاركران

لە نێو رزگاربووه‌كان نزیکەی 160 منداڵی خوار تەمەنی چوار ساڵی هه‌یه‌

K24 - هه‌ولێر:

رێکخراوێکی خێرخوازی ئەڵمانی 800 کۆچبەری لە دەریای ناوەڕاست رزگارکرد و گەیەنرانە دوورگەیەکی ئیتاڵیا، ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌، لە نێو رزگاربووه‌كان نزیکەی 160 منداڵی خوار تەمەنی چوار ساڵی هەبوون له‌گه‌ڵ نزیكه‌ی 170 هه‌رزه‌كار.

بە بەراورد بە ساڵی رابردوو، ئەمساڵ ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی دەیانەوێت بە دەریای ناوەڕاستدا بۆ ئەوروپا بپەڕنەوە بۆ 54 هەزار کەس زیادیکردووە.

گروپی چاوی دەریا، کە رێکخراوێکی خێرخوازی ئەڵمانییە، 800 کۆچبەری لە دەریای ناوەڕاست رزگارکرد و گەیەنرانە دوورگەی سیسیلی ئیتاڵیا، لە نێو ئەو ژمارەیەشدا نزیکەی 160 منداڵی خوار تەمەنی چوار ساڵی هەبوون، زۆربەی کۆچبەرەکانیش خەڵکی وڵاتەکانی رۆژهەڵاتی ئەفریقا، مسر و مەغریب بوون.

جیوڤانا دی بێندێتۆ، منداڵپارێز ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، "نزیکەی 170 ھەرزەكار لە کەشتییەکەدان، جارێ نازانین چەندیان تەنیان و بەبێ خێزان ھاتوون و چەندیان لەگەڵ خێزانەکانن، هەمیشە لەنێو شەپۆڵی كۆچبەراندا كەسانێك ھەن، كە ھێشتان منداڵن و یاسا نایانگرێتەوە".

بە بەراورد بە ساڵی رابردوو، ئەمساڵ ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی دەیانەوێت بە دەریای ناوەڕاستدا بۆ ئەوروپا بپەڕنەوە بۆ 54 هەزار کەس زیادیکردووە.

جیوڤانا دی بێندێتۆ، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو ژمارەی ھەرزەكارانی كۆچبەر زیاترە، كە ژمارەیان 7 ھەزار و 800 كەسە، ساڵی رابردوو 4 ھەزار و 600 كەس بوو، ژمارەی کچانی گەنجیش بەرزبوونەته‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ژمارەیەكی زۆر بە منداڵی بچووک ھەن.

بەراورد بە ساڵانی 2014 تا 2017 ژمارەی ئەو كۆچبەران لە رێگەی دەریای ناوەڕاستەوە دەگەنە ئەوروپا كەمی كردووە، ئەوكات ساڵانە 120 ھەزار تا 180 ھەزار كۆچبەر لە رێگەی دەریای ناوەڕاستەوە خۆیان دەگەیاندە كیشوەری ئەوروپا.