عێراق: تەنیا 600 ملیۆن دۆلار قەرەبووی کوهیت ماوە بدرێتەوە
K24 - ههولێر:
مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، لە کۆی قەرەبووکردنەوەی کوهیت تەنیا 600 ملیۆن دۆلار ماوە بدرێتەوە، کە پێشبینی دەکەن لە چارەکی یەکەمی ساڵی ئایندە سەرجەم قەرەبووکردنەوەکە کۆتایی پێبێت.
مەزهەر محەمەد، لە نوێترین لێدوانی ئاشكرای كرد، نزیکەی 600 ملیۆن دۆلار لە کۆی 52.4 ملیار دۆلار ماوە قەرەبووی کوهیت بدرێتەوە، کە سەدا 3ـی نرخی هەر بەرمیلێکی هەناردەکراو بۆ دانەوەی قەرەبووی کوهیت بەسەر عێراق سەپێندراوە.
ئاماژهی بهوهش كرد، دۆسیەی دانەوەی قەرەبووکان لە ئایندەیەکی نزیکدا و لە چارەکی یەکەمی ساڵی داهاتوو دادەخرێت، کە سەرجەم قەرەبووکردنەوە و لێکەوتەکان و بابەتەکانی پەیوەست بە قەرەبوو کۆتاییان پێدێت، کە 30 ساڵ بەر لە ئێستا ئەنجومەنی ئاسایش بەسەر عێراقی سەپاند.
راوێژكارهكهی سهرۆك وهزیرانی عێراق روونیكردهوه، کۆتایی هاتنی ئەو دۆسیەیە بڕێکی باش پارە بۆ حکومەتی عێراق دەگەڕێنێتەوە، بە جۆرێک ساڵانە نزیکەی 2 ملیار دۆلار بۆ ئابووری عێراق زیاد دەبێت.
ئەمە لە کاتێکدایە، دوای هێرشی عێراق بۆ سەر کوهیت لە ساڵی 1990 دواتر سوتاندنی بیرە نەوتییەکان لە 1991 و زیان گەیاندن بە وڵاتەکە، ئەنجومەنی ئاسایش 52.4 ملیار دۆلار وەک قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی شارستانی و کۆمپانیا و دامەزراوە حکومییەکانی بەسەر عێراق سەپاند.
رژێمی پێشووی عێراق لە کۆی 1080 بیری نەوتی کوهیت 727 بیری سوتاند، زیانی بەرهەمهێنانی هەر رۆژێک بە 120 ملیۆن دینار خەمڵێندرا، بە گوێرەی خەمڵاندنەکانی وەزارەتی دارایی کوهیت نۆژەنکردنەوەی بیرەکان پێویستی بە 80 ملیار دۆلار بووە، جگە لە زیانگەیاندن بە دامەزراوە حکومییەکان، کە بە ملیاران دۆلار دەخەمڵێندرێن.