ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی ئیدانه‌ی هه‌وڵی تیرۆركردنی مسته‌فا كازمی ده‌كات

پێویسته‌ لێپرسینه‌وه‌ له‌ رێكخه‌ر و پشتیوان و چاودێرانی ئه‌و كرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌ بكرێت و بكه‌رانی رووبه‌ڕووی دادگا بكرێنه‌وه‌
ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی
ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی

K24 – هه‌ولێر:

ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ هه‌وڵی تیرۆركردنی مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقی ئیدانه‌ كرد.

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكی رۆژنامه‌وانیدا، هه‌ر 15 ئه‌ندامه‌كه‌ی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی رایانگه‌یاندووه‌، به‌ گوزارشتی هه‌ره‌ توند، هێرشكردنه‌ سه‌ر ماڵی مسته‌فا كازمی به‌ فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وان ئیدانه‌ ده‌كه‌ین.

له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كراوه‌ته‌وه‌، پێویسته‌ لێپرسینه‌وه‌ له‌ رێكخه‌ر و پشتیوان و چاودێرانی ئه‌و كرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌ بكرێت و بكه‌رانی رووبه‌ڕووی دادگا بكرێنه‌وه‌.

به‌ره‌به‌یانی یه‌كشه‌ممه‌ (7ی تشرینی دووه‌م/ نۆڤه‌مبه‌ری 2021)، له‌ رێگه‌ی فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وانه‌وه‌ هێرشكرایه‌ سه‌ر ماڵی مسته‌فا كازمی، سه‌رۆكی حكومه‌تی عێراق.

ئه‌و هێرشه‌ و هه‌وڵی تیرۆركردنی مسته‌فا كازمی، له‌ ئاستی ناوخۆیی و ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تی كاردانه‌وه‌ی به‌دوادا هات و ئیدانه‌ كرا.

سه‌رچاوه‌: فرانس پرێس