ئه‌مه‌ریكا: بۆ لێکۆڵینەوەی له‌ هەوڵی تیرۆرکردنی كازمی ئاماده‌ی هه‌موو هاوكارییه‌كین

"ئەمه‌ریکا ئامادەی پێشکەشکردنی هەموو هاوکارییەکە، بە هەر رێگەیەک بێت، بۆ لێکۆڵینەوە لەو رووداوە، ئەگەر داوامان لێبکەن"
نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمه‌ریکا
نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمه‌ریکا

K24 - هه‌ولێر:

نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمه‌ریکا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ پێشکەشکردنی هەموو هاوکارییەک بۆ حکومەتی عێراق دووپاتکردەوە، بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوی هەوڵی تیرۆرکردنی سەرۆک وەزیرانی عێراق و داڕشتنی هەنگاوی دواتر.

نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمه‌ریکا، له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا گوتی: "ئێمە تووڕەین و بەتوندی سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکەین، کازمی تەنیا سەرۆکی حکومەت نییە، بەڵکو نوێنەرایەتی عێراق دەکات و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانیشە".

گوتیشی: "ئەمە دەستدرێژی نییە بۆ سەر کازمی بە تەنیا، بەڵکو دەستدرێژییە بۆ سەر سەروەری و سەقامگیری عێراق، بە روونی رامانگەیاندووە، هەروەک وەزیری ده‌ره‌وه‌ ئه‌نتۆنی بلینکن و سەرۆک بایدنیش ئەمەیان روونکردووەتەوە، ئەمه‌ریکا ئامادەی پێشکەشکردنی هەموو هاوکارییەکە، بە هەر رێگەیەک بێت، بۆ لێکۆڵینەوە لەو رووداوە، ئەگەر داوامان لێبکەن".