عەبدوڵڵا مەجید دوای 16 ساڵ وازهێنانی لە یانەی هەولێر راگەیاند

عەبدوڵڵا مەجید
عەبدوڵڵا مەجید

عەبدوڵڵا مەجید سەرۆکی پێشووی یانەی هەولێر دوای 16 ساڵ وازهێنانی لە یانەی هەولێر راگەیاند.

عەبدوڵڵا مەجید کە لەوەتەی ساڵی 2005 سەرۆکایەتی یانەی هەولێر دەکات، دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنی دەستەی کارگێڕی یانەکە زۆرترین دەنگی بەدەستهێنا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بڕیاریدا دەست لەکاربکێشێتەوە و چیدیکە لە یانەی هەولێر کار نەکات.

عەبدوڵڵا مەجید لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکە گوتی 'من بڕیارم داوە دەستلەکار بکێشمەوە و دەمەوێت دەرفەت بەو کەسانە بدەم کە لە هەڵبژاردنەکان دەرچوون تا کار بکەن و یانەی هەولێر بگەڕێننەوە سەردەمی زێڕینی، هیوادارم هەموو لایەک پشتگیری ستافی نوێی یانەی هەولێر بکەن بۆ ئەوەی بتوانن خزمەتێکی باشی شارەکە بکەن'.

عەبدوڵڵا مەجید گوتیشی 'جگە لەوەی من پێم باش بوو لەم کاتەدا جێگای خۆم بۆ کەسانی دیکە چۆڵ بکەم، پەیوەندیی بە چەند هۆکارێکی کەسیشم هەیە و هەست دەکەم ناتوانم لەوە زیاتر بەردەوام بم'.

عەبدوڵڵا مەجید لەگەڵ یانەی هەولێر وەکو سەرۆکی یانەکە چوار نازناوی خولی نایابی عێراقی بەدەستهێنا و دوو جاریش یانەکە لە سەردەمی ئەو پلەی دووەمی لە جامی یەکێتی ئاسیا بەدەستهێنا و لەسەر ئاستی یاریی بالە و تۆپی دەست و بایسکلسواریش لەسەر ئاستی عێراق پلەی یەکەمی بەدەستهێنا و گەیشتنە پاڵەوانێتییەکانی عەرەب و ئاسیا.

ئەو هەشت ئەندامەی لە هەڵبژاردنەکان دەرچوون بە هەڵبژاردن سەرۆکی داهاتووی یانەکە یەکلا دەکەنەوە کە پێشبینی دەکرێت وەلید عارەب ئەستێرەی پێشووی بالەی کوردستان و عێراق شوێنی عەبدوڵڵا مەجید بگرێتەوە.