سه‌رۆك و ته‌واوی ئه‌ندامانی لیژنه‌ی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی مزگه‌وته‌كانی مووسڵ ده‌ستگیركران
K24- هه‌ولێر:
ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی فیدراڵی له عێراق رایگه‌یاند، سه‌رۆك و ته‌واوی ئه‌ندامانی لیژنه‌ی جێبه‌جێكاری بنیاتنانه‌وه و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی مزگه‌وته‌كانی مووسڵ ده‌ستگیركراون.
به‌گوێره‌ی ئاژانسی هه‌واڵی عێراقی (واع)، ده‌سته‌ی ناوبراو روونیكرده‌وه، پرۆسه‌ی ده‌ستگیركردنه‌كه دوای ئه‌وه بووه، كه تێبینی ژماره‌یه‌ك چه‌كی كڕینی وه‌همی و ساخته‌یان كردووه.
له به‌یاننامه‌یه‌كدا، فه‌رمانگه‌ی لێكۆڵینه‌وه له ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی رایگه‌یاند، "به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی لێكۆڵینه‌وه و به‌دواداچوونی سه‌ر به ده‌سته‌كه‌یان له پارێزگای نه‌ینه‌وا جگه له ده‌ستگیركردنی سه‌رۆك و ئه‌ندامانی لیژنه‌ی ناوبراو، ده‌ستیان به‌و چه‌كه وه‌همیانه‌ی كڕینیش گه‌یشتووه، كه تایبه‌تن به نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی 37 مزگه‌وتی سه‌ر به به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی وه‌قفی سوننی له‌و پارێزگایه، و بڕی پاره‌ی ناو ئه‌و چه‌كانه‌ش ده‌گاته نزیكه‌ی یه‌ك ملیار دیناری عێراقی".
به‌یاننامه‌كه ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه، "له لێكۆڵینه‌وه‌كاندا گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و راستییه‌ی، كه زۆربه‌ی ئه‌و چه‌كانه ساخته و وه‌همین و دۆسییه‌كه‌ش راده‌ستی دادوه‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ی تایبه‌تمه‌ند كراوه".
هه‌وره‌ها دووپاتیكرده‌وه، "دادوه‌ر بڕیاری ده‌ستبه‌سه‌ركردنی ده‌ستگیركراوانی داوه تا لێكۆڵینه‌وه‌كان ئه‌و كه‌یسه یه‌كلایی ده‌كاته‌وه".
پێشتریش ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی عێراقی ژماره‌یه‌ك حوكم و بڕیاری له‌باره‌ی به‌هه‌ده‌ردانی ئه‌و پاره‌یه‌ی راگه‌یاندبوو، كه ته‌رخانكرابوو بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه و بنیاتنانه‌وه و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی سه‌قامگیری بۆ نه‌ینه‌وا دوای رزگاركردنی له‌ده‌ست رێكخراوی داعش.
له كاتی ئۆپه‌راسیۆنی ئازادكردنی شاری مووسڵ له ساڵی 2017، كه به هاوبه‌شی له نێوان هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژ به داعش و هێزه عێراقییه‌كان ئه‌نجامدرا و له‌و كرده سه‌ربازییه‌دا پێشمه‌رگه رۆڵێكی كارای له كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی شنگال، ناوچه‌كانی ده‌شتی نه‌ینه‌وا و شار و شارۆچكه‌كانی ده‌وروبه‌ری مووسڵ بینی، زۆربه‌ی شوێنه پیرۆزه‌كانی شاری مووسڵ و زۆرێك له مزگه‌وته‌كان له‌كاتی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌كاندا خاپووركران، دیارترینیان مزگه‌وتی نووری له به‌ری راستی ئه‌و شاره، وێڕای ئه‌وه‌ی به‌شێكیش له شوێنه ئاینییه‌كانی وه‌ك كلێسا و په‌رستگاكان، چه‌كدارانی داعش هه‌ر له ده‌ستپێكی هێرشه‌كه‌یدا بۆ سه‌ر مووسڵ و شنگال و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ر ته‌قاندییانه‌وه.
H.B