ڕەوی کورد لەنێوان ڕاستی و پراگماتیکدا

Kurd24

خودی ئه‌م وتاره کورته هه‌وڵێکی پراگماتیکانه‌یه بۆ شیکاریی ڕه‌وی کورد له ئێستا و ئالێره‌دا، نه‌ک له سه‌رده‌مه‌کانی پێش ئێستادا. له ئێستادا پێویسته ڕه‌وی کورد له‌نێوانی ڕاستیی و پراگماتیکدا وه‌ک بابه‌تێکی ده‌روونناسیی کۆمه‌ڵایه‌تیی ته‌ماشا بکرێت، هه‌مانکاتیش ڕێگریی بکرێت له هه‌موو هه‌وڵێک، که ڕه‌وی کورد له قازانجێکی سیاسییدا به‌کاربهێنێت.

لێره‌دا ده‌مه‌وێت کڵێشانه ده‌ست پێبکه‌م، سه‌ره‌تا ده‌پرسم، که ئاخۆ کێ به‌رپرسه له ڕووداوه‌کانی ژیانمان؟ وه‌ڵام، ته‌نها و ته‌نها خودی تاک خۆی به‌رپرسه له ڕووداوه‌کانی ژیانی و هیچ که‌سێکی تر نا. پرسیاری ناو ئه‌م وه‌ڵامه ئه‌وه‌یه، که بپرسین بۆچیی؟ وه‌ڵام، چونکه تۆ وه‌ک تاک ئه‌وه‌یت، که بیری لێده‌که‌یته‌وه. تۆ هیچ نیت بێجگه له بیرکردنه‌وه‌کانت سه‌باره‌ت به خۆت، به ژیان و به ئاینده‌ت.

ژیان وه‌ک ڕووبارێک تێده‌په‌ڕێت و له‌گه‌ڵ خۆیدا ڕووداو، شانس، هه‌لومه‌رج دێنێت. ئاگامه‌ندیی تۆ وه‌ک تاک هۆکاری یه‌که‌م و دواهه‌میینه، که به‌رده‌وام چاوی له‌سه‌ر ڕووباری ژیان بێت، که‌چی له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌هێنێت. بۆ نموونه کاره‌سات دێنێت، تۆ به ئاگایت و خۆتی لێده‌پارێزیت، هه‌لومه‌رج دێنێت، تۆ به ئاگایت و به‌ کاری ده‌هێنیت، شانس دێنێت، تۆ به ‌ئاگایت و به‌کاری ده‌هێنیت.

پێچه‌وانه‌که‌شی ده‌رئه‌نجامێكی پێچه‌وانه و ماڵوێرانیی ده‌خاته‌وه. ئه‌مه‌ش به واتای ئه‌وه‌ی، که ئاگامه‌ندیی هه‌موو شتێکه بۆ تاک، چاوگه‌ی ژیانه، ئامڕازێکی به‌هێز و گرانبه‌های تاکه، که هه‌موومان هه‌مانه، لێ هه‌موومان به ئاگا نین له‌وه‌ی، که به‌کاری بهێنین. ئه‌مه‌ش وه‌ها ده‌کات، که هه‌ندێک له ئێمه خۆشگوزه‌ران و هه‌ندێکیشمان خاوه‌ن نه‌هامه‌تیی.

تاکی کورد له سه‌رده‌مه‌کانی پێشتردا، خاوه‌نی ئارگوومێنتێک بووه بۆ به‌جێهێشتنی نیشتیمان. دیارتریینیان ڕه‌وی دوای شۆڕشی ئه‌یلول و ڕه‌وی دوای ڕاپه‌ڕیینی ساڵی 1991. دواجار ڕه‌وی سه‌رهه‌ڵدانی داعش له‌نێوانی 2014 و 2015 دا. ئه‌م ڕه‌وه گه‌وره‌یه‌ش خاوه‌نی ئارگوومێنت بوون.

لێ ئه‌م ڕه‌وه‌ی ئێستا، ڕه‌وێکه بێ ئارگوومێنت. ده‌شێت ئه‌م هاووڵاتییانه خاوه‌نی کۆمه‌ڵێک تووڕه‌یی بن له حکومه‌ت، لێ له ڕاستییدا حکومه‌ت به‌رپرس نییه له بڕیاره‌کانی ئه‌وان له ژیاندا، به‌ڵکوو ئه‌م هاووڵاتییانه خۆیان به‌رپرسی بڕیار و مامه‌ڵه‌کانی ژیانن. بیهێنه به‌رچاوی خۆت، که تۆ پزیشکێکیت، کارمه‌ندێکی ته‌ندروستییت، ده‌روونناسێکیت، تێراپۆیتێکیت له نه‌خۆشخانه‌یه‌کی ده‌روونییدا و خاوه‌نی پێنج شه‌ش هاووڵاتیین، که بیر له خۆکووشتن ده‌که‌نه‌وه و هه‌ر یه‌که‌یان خاوه‌نی هۆکارێکه بۆ خۆکووشتن.

کاری تۆش ئه‌وه‌یه، که یارمه‌تیی ئه‌م هاووڵاتییانه بده‌یت، که دووربکه‌ونه‌وه له خۆکووشتن و بیر له ڕێگا چاره‌یه‌کی تر بکه‌نه‌وه، به‌ڵام هه‌ر ڕۆژه‌ی یه‌کێک له مانه له نه‌خۆشخانه ڕاده‌کات و له ده‌ره‌وه یان خۆی ده‌خاته به‌ر شه‌مه‌نده‌نه‌فه‌رێک، یان له پردێکه‌وه خۆی فڕێده‌داته خواره‌وه، یان خۆی هه‌ڵده‌واسێت، یان دوو سه‌د بۆ سێ سه‌د حه‌ب به‌سه‌ریه‌که‌وه ده‌خوات و خۆی ژه‌هراویی ده‌کات. لێره‌دا نه نه‌خۆشخانه، نه تۆ وه‌ک کارمه‌ندێکی ته‌ندروستیی، نه وه‌ک پزیشک به‌رپرس نیت له‌وه‌ی، که ئه‌م هاووڵاتییانه خۆیان ده‌کووژن، به‌ڵکوو ئه‌م هاووڵاتییانه خۆیان به‌رپرسی یه‌که‌م و دواهه‌مینن له ژیانی خۆیاندا.

پرسیاری ئازادیی، هه‌میشه له ڕاستییه‌وه ده‌ستپێده‌کات، چونکه ئازادیی و ڕاستیی وه‌ک دوو که‌رتی یه‌ک مێشکن، که ئاگامه‌ندیی پێکیانه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه. ئه‌م به‌شه هاووڵاتییانه‌ی کورد خاوه‌نی بۆچوونێکن له‌سه‌ر ڕاستیی و ده‌یهێننه پێش چاوی خۆیان. هه‌روه‌کوو به‌شێک له سیاسییه کوردییه‌کان، ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌کانی کوردستان و کورده په‌رله‌مانتاره‌کانی عێراق خاوه‌نی بۆچوونێکن سه‌باره‌ت به ڕاستیی ڕه‌وتێکی سیاسیی، کۆمه‌ڵایه‌تیی و دارایی کوردستانن. به‌ڵام ڕاستیی بۆچوونێک، بریتیی نییه له بێجوڵه‌یی پێکهاتێک، که خۆمانی پێوه هه‌ڵده‌واسین، بۆ نموونه تاوانبارکردنی هه‌میشه‌یی نیشتیمان، تاوانبارکردنی هه‌میشه‌یی حکومه‌ت.

له ژیانی کوردستاندا هه‌موومان وه‌ک یه‌ک تاوانبارین. ئه‌گه‌ر کوردستان وه‌ک دارستانێک بهێنینه پێش چاوی خۆمان، که گڕ ده‌گرێت، ئه‌وا دره‌ختێکی بێ تاوان نادۆزینه‌وه، که ڕێگا نه‌درێت بسووتێت. ئه‌و جۆره په‌روه‌رده‌کردنه‌ی، که منداڵه‌کانمانی پێ په‌روه‌رده ده‌که‌ین، ئاینده‌ی نیشتیمانه‌که‌مان دیاریی ده‌کات. ئه‌مه‌ش به واتای، په‌روه‌رده‌یه‌کی خراپ، به‌رهه‌مهێنه‌ری که‌ڕاکته‌ری خراپه. که‌ڕاکته‌ری خراپ، به‌رهه‌مهێنه‌ری سیاسه‌تی خراپه، هۆکاری تێکدانی ئاسایش و ئازادیی و خۆشگوزه‌رانیی هاووڵاتییانه. پێچه‌وانه‌که‌شی نیشتیمانێکی به‌خته‌وه‌ر به‌رجه‌سته ده‌کات.

هه‌میشه تاک ده‌یهێنێته پێش چاوی خۆی، که کێ تاوانباره له خراپیی ژیانی ئه‌ودا، ئه‌م هێنانه پێش چاوه، به پرۆسه‌یه‌کی نۆیرۆده‌روونناسییدا تێده‌په‌ڕێت و تاک ده‌بێته خاوه‌نی نۆیرۆنێکی تایبه‌ت سه‌باره‌ت به ڕاستیی خراپیی ژیانی خۆی و ئیدی وه‌ک ڕاستیی قووت ده‌بێته‌وه.

تاک بیر ده‌کاته‌وه، که وه‌ک په‌نابه‌ر ڕووبکاته ئه‌وروپا. له هێنانه پێش چاوی خۆیدا، به‌هه‌شتێک به‌رهه‌مدێنێت، ئه‌مه‌ش وه‌ک بیرکردنه‌وه‌یه‌کی پراگماتیکیی پراکتیزه ده‌کات. لێره‌دا تاک سه‌ره‌تا کاره‌که‌ی ده‌کات و دواجاریش بیری لێده‌کاته‌وه. له هه‌موو ئه‌گه‌رێکدا تاک خاوه‌نی کاردانه‌وه‌یه‌کی نێگه‌تیڤه به‌رانبه‌ر به نیشتیمان. سه‌رچاوه‌ی ئه‌م کاردانه‌وه‌یه‌ش که‌ڕاکته‌ری تاک خۆیه‌تی. که‌ڕاکته‌ری تاکیش به‌رهه‌می دایک و باوکه نه‌ک حکومه‌ت.

تاک ئازاده له‌وه‌ی نیشتیمان به‌جێده‌هێڵێت یاخوود نه‌خێر. له کوردستاندا ڕه‌وکردن و به‌جێهێشتنی نیشتیمان وه‌ک په‌نابه‌ر مۆدێکی کۆمه‌ڵایه‌تییه، که تاک له ڕێگای فێربوونه‌وه فێری ده‌بێت. له‌م کاره‌دا تاک به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی دایک و باوکن، هێنده‌ی بیر له‌ودیووی گردێک ده‌که‌نه‌وه، که نادیاره بۆ ئه‌مان، هێنده بیر له پێشی خۆیان ناکه‌نه‌وه.

ئه‌مه‌ش به واتای ئه‌وه‌ی، که  منداڵه‌کانیان ده‌خه‌نه ژێر مه‌ترسییه‌کی گه‌وره‌وه، نه‌ک به ته‌نها مه‌ترسییه‌کی فیزیکیی به‌ڵکوو مه‌ترسییه‌کی ده‌روونییش. منداڵان له‌م ڕێگایانه‌دا به شێوه‌یه‌کی گشتیی تووشی پۆست تراوما ده‌بن، تووشی هۆسپیتاڵیزم ده‌بن، که تاوانباری گه‌وره تێیدا خودی دایک و باوکانه و که‌سی تر نا.

باران نابارێت خه‌تای حکومه‌ته، لافاو هه‌ڵده‌ستێت خه‌تای حکومه‌ته، تاک بێکاره خه‌تای حکومه‌ته. خه‌تابارکردنی به‌رانبه‌ر له هه‌موو بوار و کرده‌یه‌کی ژیاندا نیشانه‌یه‌کی تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی شێواندنی که‌ڕاکته‌ری تاکه، که له ICD-10 دا وه‌ک نه‌خۆشیی پۆلێن ده‌کرێت. چونکه ته‌نها و ته‌نها تاکێکی ته‌ندروست ئاماده‌ی ئه‌وه‌یه، که به‌رپرسیارێتیی ژیان بخاته ئه‌ستۆی خۆی. ئێمه‌ی مرۆڤ پێمانوایه، که ئێمه ئاژه‌ڵێکی ئه‌قڵانیین، لێ ڕاستیی بوونی ئێمه ئه‌وه‌یه، که ئاژه‌ڵێکین ئه‌قڵ به‌کارده‌هێنین. چونکه ئه‌گه‌ر ئاژه‌ڵێکی ئه‌قڵانیی بین، ئه‌وا به ئه‌قڵ بیر له هه‌موو شت ده‌که‌ینه‌وه و ڕێگر ده‌بین له‌وه‌ی، که زیان بۆ خۆمان و بۆ ده‌وروبه‌ریشمان بنێینه‌وه.

دوا پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه، ئاماده‌یی ئه‌قڵ چه‌نده، له کرداره‌کانی کۆچبه‌ره کورده‌کاندا؟ ئاخۆ تاک به‌ده‌ر له ڕه‌و بیری له ئاڵته‌رناتیڤێکی تر کردووه‌ته‌وه، ئاڵته‌رناتیڤێکی ئه‌قڵانیی؟

09.11.2021