ئه‌نجوومه‌نی ئه‌وروپی رێككه‌وتنی ئاسانكاری ڤیزای له‌گه‌ڵ بێلارووس هه‌ڵپه‌سارد
K24 – هه‌ولێر:
ئه‌نجوومه‌نی ئه‌وروپی جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنی ئاسانكاری ڤیزای له نێوان یه‌كێتی ئه‌وروپا و بێلاڕووس هه‌ڵپه‌سارد، هاوكات ئه‌ڵمانیا داوای پشتیوانی زیاتری یه‌كێتی ئه‌وروپا ده‌كات و پۆڵه‌نداش هۆشداری له لێكه‌وته ئه‌منییه‌كانی ره‌وی په‌نابه‌ران به‌ره‌و وڵاته‌كه‌ی ده‌دات.
ئاژانسی بلۆمبێرگ بڵاویكرده‌وه، ئه‌نجوومه‌نی ئه‌وروپیی به كۆی ده‌نگ بڕیاری دا، ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی له باره‌ی ئاسانكاری بۆ پێدانی ڤیزا له نێوان یه‌كێتی ئه‌وروپا و بێلاڕووس هه‌یه هه‌ڵپه‌سێرێت.
ئه‌نجوومه‌نه‌كه رایگه‌یاندووه، به هۆی ئه‌و هێرشه ناڕه‌وا و به‌رده‌وامه‌ی رژێمی ئێستای بێلاڕووس ده‌ستیپێكردووه، ئه‌و بڕیاره‌یان ده‌ركردووه.
روونیشیكردووه‌ته‌وه، ده‌سه‌ڵاتدارانی بێلاڕووس گه‌شتی ئاسمانی و ناوخۆیی ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن له رێگه‌یه‌وه په‌نابه‌ران بگه‌یه‌ننه یه‌كێتی ئه‌وروپا و سه‌ره‌تا گه‌شت بۆ لیتوانیا و پاشان لاتڤیا و ئینجا پۆڵه‌ندا ده‌كه‌ن.
به‌رلین داوای پشتیوانی ده‌كات
له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، ئه‌ڵمانیا پێی وایه به‌شێكی سه‌ره‌كی ئه‌و كێشه‌یه‌ی هاتووه‌ته ئاراوه، به‌رۆكی وڵاته‌كه‌ی گرتووه و به پێویستی ده‌زانێت كوتله‌ی ئه‌وروپایی به‌یه‌كه‌وه دژی وه‌رگرتنی ئه‌و په‌نابه‌رانه بوه‌ستنه‌وه.
وه‌زیری ناوخۆی ئه‌ڵمانیا هورست زیهوڤه‌ر، رایگه‌یاند، پۆڵه‌ندا و ئه‌ڵمانیا ناتوانن به ته‌نیا رووبه‌ڕووی كێشه‌ی په‌نابه‌ران ببنه‌وه و پێویسته كۆمیسیارێتی ئه‌وروپا رێگری بكات له هاتنی په‌نابه‌ران.
ئه‌و وه‌زیره‌ی حكومه‌تی ئه‌ڵمانیا داوای له كۆمیسیارێتی ئه‌وروپا كرد، سنوورێك بۆ په‌نابه‌ران و هاتنیان له بێلاڕووسه‌وه بۆ پۆڵه‌ندا دابنێت.
زیهۆڤه‌ر، به رۆژنامه‌ی "بێڵد"ی ئه‌ڵمانی راگه‌یاندووه، ئه‌و كێشه‌یه ده‌بێت برۆكسل هه‌وڵی چاره‌سه‌ری بدات و به ته‌نیا به یه‌ك دوو وڵات ناكرێت.
وه‌زیری ناوخۆی پۆڵه‌ندا راشیگه‌یاندووه، پێویسته هاوكاری پۆڵه‌ندا بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی پارێزگاری له سنووره‌كه‌ی بكات و ئه‌وه ئه‌ركی یه‌كێتی ئه‌وروپایه رووبه‌ڕووی ئه‌و كێشانه ببێته‌وه.
پێشتر گوته‌بێژی حكومه‌تی پۆڵه‌ندا بیوته‌ر موله‌ر، رایگه‌یاندبوو، ده‌ترسین ئه‌و ره‌وشه‌ی له سنووره‌كانمان له‌گه‌ڵ پرسی په‌نابه‌ران دووچاری بووین، سه‌ر بكێشێت بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی چه‌كداری.
له مانگی رابردوودا 5000 په‌نابه‌ر گه‌یشتوونه‌ته ئه‌ڵمانیا و حكومه‌تی ئه‌و وڵاته رایگه‌یاندووه، پێویسته هه‌رچی زیاتره ئاسایشی سنوور توندوتۆڵ بكرێت و هێزی زیاتر ره‌وانه‌ی ناوچه سنوورییه‌كان بكرێت.
له‌و باره‌یه‌وه، ستیڤان مایه‌ر، گه‌وره به‌رپرس له وه‌زاره‌تی ناوخۆی ئه‌ڵمانیا، به رۆژنامه‌ی "بێڵد"ی راگه‌یاندووه، ده‌كرێت به په‌له هێزێكی گه‌وره ره‌وانه‌ی پۆڵه‌ندا بكرێت بۆ یارمه‌تیدانی پۆلیسی ئه‌و وڵاته و رێگری له په‌نابه‌ران.
له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، ئاژانسی هه‌واڵی "تاس"ی ره‌سمیی رووسیا بڵاویكرده‌وه، ده‌سه‌ڵاتدارانی بێلاڕووس رایانگه‌یاندووه، 2000 په‌نابه‌ر له‌سه‌ر سنووری وڵاته‌كه‌یان له‌گه‌ڵ پۆڵه‌ندا كۆبوونه‌ته‌وه.
زۆربوونی ژماره‌ی ئه‌و په‌نابه‌رانه وای له ئه‌ڵمانیا و پۆڵه‌ندا كردووه به یه‌كه‌وه بیر له هاوكاری ئه‌منیی نێوانیان بكه‌نه‌وه بۆ كۆنترۆڵكردنی ناوچه سنوورییه‌كان.
پۆڵه‌ندییه‌كان به درێژایی هێڵی سنوور له‌گه‌ڵ بێلاڕووس ده‌ستیانكردووه به ته‌لبه‌ندكردنی سنووری وڵاته‌كه‌یان و هێزێكی ئه‌منی زۆر و پۆلیسی ئه‌و وڵاته له ئاماده‌باشیدان بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌ر كه‌سێك بیه‌وێت سنووری وڵاته‌كه‌یان ببه‌زێنێت.
په‌نابه‌ره‌كان له ره‌وشێكی مرۆیی خراپدان و به‌شێكیان كه‌وتوونه‌ته بڕینی داری دارستانه سنوورییه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی خۆیانی پێ گه‌رم بكه‌نه‌وه و به‌شێكیشیان به ده‌ست برسێتی و نه‌خۆشییه‌وه ده‌ناڵێنن.
وه‌زاره‌تی به‌رگری پۆڵه‌ندا رایگه‌یاندووه، ئه‌مڕۆ هه‌وڵدراوه ته‌لبه‌ندی سنووری له نزیك ناوچه‌ی كوزنیچای سنووری بشكێنرێت، به‌ڵام هێزه ئه‌منییه‌كان توانیویانه به‌ر به لێشاوی په‌نابه‌ران بگرن.
هه‌ر ئه‌مڕۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی پۆڵه‌ندا، ماتوش موراڤیتسكی رایگه‌یاند، وڵاته‌كه‌ی رووبه‌ڕووی شه‌پۆلێكی بێ پێشینه له په‌نابه‌رانی نایاسایی بووه‌ته‌وه، كه له بێلاڕووسه‌وه هاتوون و بوونه‌ته هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسی ئه‌منی گه‌وره له‌سه‌ر یه‌كێتی ئه‌وروپا.
سه‌رۆك وه‌زیرانی پۆڵه‌ندا راشیگه‌یاندووه، له به‌رژه‌وه‌ندی پۆڵه‌ندا و یه‌كێتی ئه‌وروپایه سنووره‌كانمان به ته‌واوی دابخرێن و ئه‌مڕۆ به هۆی ئه‌و كێشه‌یه‌وه ئاسایشی ته‌واوی یه‌كێتی ئه‌وروپا له به‌رده‌م مه‌ترسیدایه.
موراڤیتسكی، له تویته‌ر ئه‌وه‌شی نووسیوه: ئێمه ملكه‌چ ناكه‌ین بۆ ترس و تۆقاندنی بێلاڕووس و به‌رگری له ئاشتی و سه‌قامگیری یه‌كێتی ئه‌وروپا و هاوبه‌شه‌كانمان له په‌یمانی باكووری ئه‌تڵه‌سی (ناتۆ) ده‌كه‌ین.
به گوێره‌ی ئه‌و راپۆرتانه‌ی له باره‌ی په‌نابه‌رانه‌وه بڵاوكراونه‌ته‌وه و ئاژانسی هه‌واڵی بێلاڕووس (بیلتا) ئاشكرایكردووه، ئه‌و كۆمه‌ڵه په‌نابه‌ره‌ی كه له نزیك ده‌روازه‌ی بروزگی سنوورییه له‌گه‌ڵ پۆڵه‌ندا له 1500 كوردی عێراق پێكهاتووه.
له به‌رامبه‌ر داواكاری پۆڵه‌ندا و ئه‌ڵمانیا بۆ هاوكاری، كۆمیسیاری ئه‌وروپا رایگه‌یاندووه، ئاژانسی سنووری سه‌ر به یه‌كێتی ئه‌وروپا ناسراو به "فرونتیكس" و ئاژانسی په‌نابه‌ری "ئیسو" و پۆلیسی ئه‌وروپا "یۆرۆپۆڵ" ئاماده‌ی هه‌موو هاوكارییه‌كن بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی قاچاغچێتی و چاره‌سه‌ری كێشه‌ی داوای مافی په‌نابه‌رێتی، به‌ڵام پێویسته پۆڵه‌ندا ئه‌و داواكارییه پێشكه‌ش بكات.
ده‌بێت بێلاڕووس بوه‌ستێت
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، یه‌كێـتی ئه‌وروپا ئاماده‌یی پشانداوه بۆ سه‌پاندنی سزای زیاتر به‌سه‌ر بێلاڕووسدا، ئه‌گه‌ر بێت و ئه‌و وڵاته ده‌ستهه‌ڵنه‌گرێت له به‌كارهێنانی كارتی په‌نابه‌ران وه‌ك چه‌كێك له دژی یه‌كێتی ئه‌وروپا.
سه‌رۆكی كۆمیسیارانی ئه‌وروپا ئورسولا ڤۆن دێر لاین، رایگه‌یاند، پێویسته بێلاڕووس ده‌ستهه‌ڵگرێت له به‌كارهێنانی كارتی په‌نابه‌ران.
گوتیشی: داوا له وڵاتانی ئه‌ندامی یه‌كێتی ئه‌وروپا ده‌كه‌م ره‌زامه‌ندی بنوێنن بۆ سه‌پاندنی سزای زیاتر و گشتگیرتر به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانی بێلاڕووسدا، كه به‌رپرسی سه‌ره‌كی ئه‌و هێرشه دڕندانه‌یه بۆ سه‌ر ئه‌وروپا.
به گوێره‌ی لێدوانی سیاسه‌تمه‌دارانی ئه‌وروپا، سزاكانی ئه‌مجاره‌ی یه‌كێتییه‌كه كۆمپانیاكانی فڕۆكه‌وانی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپا ده‌گرێته‌وه، كه تێوه‌گلاون له گواستنه‌وه‌ی په‌نابه‌ران بۆ بێلاڕووس.
توركیا یه‌كێكه له‌و وڵاتانه‌ی تۆمه‌تبار ده‌كرێت به گواستنه‌وه‌ی په‌نابه‌ران بۆ بێلاڕووس، دوای راگه‌یاندنه‌كه‌ی ڤۆن دێر لاین، ئه‌نقه‌ره به په‌له رایگه‌یاند، ئه‌وان هیچ جۆره گه‌شتێكیان بۆ گواستنه‌وه‌ی په‌نابه‌ران رێكنه‌خستووه.
هاوكات ماراگاریتیس شیناس، جێگری سه‌رۆكی كۆمیسیارانی یه‌كێتی ئه‌وروپا رایگه‌یاند، له چه‌ند رۆژی داهاتوودا سه‌ردانی ئه‌و وڵاتانه ده‌كه‌م كه په‌نابه‌ران لێیانه‌وه هاتوون، یاخود پێیاندا تێپه‌ڕیون.
لۆكاشینكۆ و كارتی په‌نابه‌ران
ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ی ئێستا له بێلاڕووسه‌وه گه‌یشتوونه‌ته سنووری پۆڵه‌ندا كه‌وتوونه‌ته چه‌قی ململانێی سیاسی نێوان سه‌رۆكی بێلاڕووس، ئه‌لكسه‌نده‌ر لۆكاشینكۆ و یه‌كێتی ئه‌وروپا.
دوای ئه‌وه‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپا سزای به‌سه‌ر بێلاڕووسدا سه‌پاند، له مانگی نیسان و ئایاری رابردوودا، لۆكاشینكۆ رایگه‌یاند، چیدیكه رێگری له‌و په‌نابه‌رانه ناكات، كه به دوای ژیانێكی باشتردا روو ده‌كه‌نه خۆرئاوا و به دوای ئه‌وه‌دا بێلاڕووس ده‌ستیكرد به ئاسانكاری و پێدانی ڤیزا به هاووڵاتیانی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپا.
ئه‌مڕۆ لۆكاشینكۆ له ئاستی نێوده‌وڵه‌تی رووبه‌ڕووی ره‌خنه‌یه‌كی زۆر بووه‌ته‌وه، به هۆی ئه‌وه‌ی رێگه‌ی داوه له ناوچه كێشه داره‌كان په‌نابه‌ران به‌ره‌و بێلاڕووس ره‌و بكه‌ن و له‌وێش ڤیزای یه‌كێتی ئه‌وروپا به‌ده‌ست بهێنن.
له به‌رامبه‌ردا، بێلاڕووس رایگه‌یاندووه، وڵاته‌كه‌ی هیچ كاتێك به‌شێك نه‌بووه له‌و كێشه‌یه.
ئه‌مڕۆ وه‌زاره‌تی به‌رگری بێلاڕووس له به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند، پۆڵه‌ندا به مه‌به‌ست ئاڵۆزی درووست ده‌كات و بێلاڕووس هیچ كاتێك ده‌ستی نه‌بووه له درووستكردنی قه‌یرانی په‌نابه‌راندا.
زاخارۆڤا دژی پۆڵه‌ندا ده‌دوێت
دوێنێ گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی رووسیا، ماریا زاخارۆڤا، وه‌ڵامی ره‌خنه‌كانی پۆڵه‌ندای دایه‌وه و له به‌رامبه‌ر ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی ئاراسته‌ی بیلاڕووسی كردبوون، گوتی: ئێوه به‌شداربوون له وێرانكردنی عێراق، ئێستاش فه‌رموون په‌نابه‌رانی عێراقیی وه‌ربگرن.
زاخارۆڤا له رێی چه‌ناڵی خۆی له تیلیگرام، له وه‌ڵامی پۆڵه‌ندادا نووسیویه‌تی: باشتره سیاسییه‌كانی پۆڵه‌ندا، ئه‌وانه‌ی نه‌فره‌ت بۆ بیلاڕووس ده‌نێرن، ئه‌وه‌یان له یاد بێت، كه وارشۆ، رۆڵێكی به‌رچاوی هه‌بوو له وێرانكردنی عێراقدا.
هه‌روه‌ها نووسیویه‌تی: دوو هه‌زار سه‌ربازی پۆڵه‌ندی له چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانیان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا له پێناو "دیموكراتی"دا چوونه عێراقه‌وه.
زاخارۆڤا ئه‌وه‌شی وتووه: ئه‌و عێراقییانه به خه‌ونیش بیریان له‌وه نه‌كردبوویه‌وه رۆژێك وه‌ك په‌نابه‌ر بچنه پۆڵه‌نداوه، ئه‌وان له‌سه‌ر خاكی خۆیان ده‌ژیان پێش ئه‌وه‌ی شاڵاوی دیموكراته بێزراوه‌كان روویان لێ بنێت، ئایا ئێستا پۆڵه‌ندا ئاماده ده‌بێت لانیكه‌م هێنده‌ی ژماره‌ی سه‌ربازه به‌شداربووه‌كانی له شه‌ڕدا، په‌نابه‌ر وه‌ربگرێت؟
سنووره‌كان ته‌لبه‌ند ده‌كرێن
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، دوێنێ سه‌رۆكی پۆڵه‌ندا، ئانجی دودا، به په‌له كۆبوونه‌وه‌یه‌كی به به‌شداری فه‌رمانده ئه‌منییه‌كان و به‌رپرسانی باڵا رێكخست بۆ تاوتوێكردنی ره‌وشی ناوچه‌كانی سنوور.
دوای كۆبوونه‌وه‌كه، هێزه ئه‌منییه‌كانی پۆڵه‌ندا به چڕی ده‌ستیانكردووه به ته‌له‌به‌ندكردنی سنوور و داخستنی به ته‌واوه‌تی به رووی ئه‌و په‌نابه‌ره نایاساییانه‌ی له بێلاڕووسه‌وه روویان له وڵاته‌كه كردووه.
سه‌رچاوه: رۆیته‌رز، فرانس پرێس،