کۆچ بەرهەمی ئۆپۆزسیۆن یان دەسەڵات؟

Kurd24

بەستنەوەی کۆچی بەلێشاوی لاوان بە پرسی ناعەدالەتی و نەبوونی دەرفەتی کار و گەندەڵی تەنها لایەنێکی هاوکێشەکەیە، لایەنەکەی دیکە کە ئامادەیی و کاریگەری زیاترە ئەو گوتارە پۆپۆلیستیەیە کە لەگەڵ پەیدابوونی هێزگەلی بەناو ئۆپۆزسیۆن بە توندی تەشەنەی کرد و رووبەرێکی گەورەی لە گوتاری میدیایی ئەو لایەنانە داگیر کردووە، لە کورتترین پێناسەشدا ئامانجی راگەیاندن خۆی لە دروست کردنی رای گشتی و ئاراستەکردنی تاکەکان دەبینێتەوە.

چڕکردنەوەی تواناکان و کورتکردنەوەی گوتاری میدیایی لە هاندانی خەڵک بۆ بەگژداچوونەوەی بەرهەمی خەبات و تێکۆشانی زیاتر لە سەت ساڵی میللەتەکەی خۆیان، کارکردن بۆ بێ بەهاکردنی ئەو سیمبولانەی زاکیرەی هاوبەشی نەتەوەیی و نیشتیمانی پێکدەهێنن، لە سروودی نەتەوەیی و ئاڵا بگرە تا بە ناو و مێژووی پێشمەرگەوە دەگات، لە هەموو ئەوانەش خراپتر ناشیرین کردنی نیشتیمان لە بەرژەوەندی شیرین کردنی خیانەت، جوانکردنی گوتاری خۆ بەدەستەوە دانەوەی داگیرکەر و بێزەوەرکردنی مانا مەزنەکانی بەرخودان و تێکۆشان، هەموو ئەوانە بوونە هۆکاری سەرلەنوێ داڕشتنەوەی پێناسەی ئۆپۆزسیۆن بوون، کە لە کوردستان وەک مۆرانە لە جەستەی هەبوونی نەتەوەیی و نیشتیمانی داوە و هێدی هێدی لێی دەخوا دا بە تەواوی دایدەڕمێنێ.

لە هەرێمی کوردستان ئۆپۆزسیۆن کە دوور لە مانا و ئامانجە راستەقینەکەی خۆی هاتە کایەوە، نەیتوانی وەڵامدەرەوەی داخوازیەکانی ئەو قۆناغە بێت کە خەڵکی کوردستان پێویستیان پێی هەبوو، لە جیاتی بەگژداچوونەوەی نا عەدالەتی و گەندەڵی و کێماسیەکانی دیکە کە لە سەر دەسەڵات حیسابی دەکەن، لە جیاتی ئاراستەکردنی خەڵک بۆ فشار دروست کردن لە پێناو چاکسازی کردن و بە‌‌هێزکردنی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان، خەڵک و داخوازیەکانیان کردە کەرستەی بنیاتنان و تەشەنەکردنی گوتاری پۆپۆلیستی کە ئێستا بەرهەمەکەی دەبینین لە کۆچکردنی بە لێشاوی گەنجان، بەرەو چارەنووسێکی نادیار.

ئەوەی ئێستا لە گەندەڵی دارایی ترسناکترە، لە ناعەدالەتی کۆمەڵایەتی کاریگەرترە، ئەو گوتارە پۆپۆلیستیەیە کە بەها و مانای بۆ هیچ نەهێشتۆتەوە، ئەو هێزانەی پشت بەو گوتارە دەبەستن نە چارەسەریان پییە و نە ئامانجێکی روون، تەنها بوونەتە زەمینەی بەرهەمهێنانی ژمارەیەک پاڵەوانی میدیایی پەڕۆینە، کە کۆتایی زۆربەیان لە پەڕلەمانە بە وەرگرتنی موچەیەکی چەور و خۆدەڵەمەند کردن، پاشانیش یان لە رێگای وەبرهێنان لە وڵاتێکی ئەوروپی دەبنە خاوەنی ئیقامە، یان بەبێ دەنگی لێی دادەنیشن و هێدی هێدی لە بەرهەمی خاپاندنی خەڵک دەخۆن.