مانگرتنی لایەنگران و چەکدارانی حەشدی شەعبی بەردەوامە

داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن ده‌كه‌ن
ناڕه‌زایی لایه‌نگرانی حه‌شدی شه‌عبی له‌به‌رده‌م ناوچه‌ی سه‌وز به‌رده‌وامه‌
ناڕه‌زایی لایه‌نگرانی حه‌شدی شه‌عبی له‌به‌رده‌م ناوچه‌ی سه‌وز به‌رده‌وامه‌

K24 - هه‌ولێر:

ناڕەزایەتی و مانگرتنی لایەنگرانی لایەنە ساسییەکانی شیعە و چەکدارانی حەشدی شەعبی بەردەوامە، کە لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی مانگی رابردووی عێراق، دەنگی کەمییان هێناوە و ئامادەنین تاوەکو هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن، بەردەم ناوچەی سەوزی بەغدا چۆڵ بکەن.

خێوەتی مانگرتنی چەکدارانی حەشدی شەعبی و لایەنگرانی ئەو لایەنە شیعانه‌، کە لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق دەنگی کەمییان هێناوە، له‌ به‌رده‌م ناوچه‌ی سه‌وز ماوه‌، بە رای ئەوان ساختەکاری لە هەڵبژاردندا کراوە و ئەنجامەکانیشی رەتدەکەنەوە، ئامادەنین تاوەکو هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، بەردەم ناوچەی سەوزی بەغدا به‌جێبهێڵن.

خۆپیشاندەرێكی حه‌شدی شه‌عبی گوتی: "ئەم هەڵبژاردنە ساختەیە، بە نوێنەرایەتی براکانم و گەلی عێراق دەڵێم، متمانەمان بە کۆمیسیۆن نەماوە، چونکە دەنگەکانی ئێمەی دزیووە و ناپاکی لە عێراقییەکان کرد و سەربەخۆ نیە".

بەشێکی زۆر لەوانەی لێرە ناڕەزایەتی و ماگرتنییان دەستپێکردووە، رێگەیان پێنەدراوە قسە بۆ دەزگاکانی راگەیاندن بکەن، تەنیا چەند کەسێک بۆ ئەم مەبەستە راسپێرداون، تەنانەت رێنمایی کراون چی بڵێن.

خۆپیشاندەرێكی دیكه‌ی ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، "کاتێک بەشداری خۆپیشاندانمان کرد، مەبەستمان بوو بە دەنگدانمان کەسانی شایستە هەڵبژێرین و گەندەڵکاران دووربخەینەوە، داهاتوویەکی باشتر بۆ وڵات دەستەبەر بکەین، بەڵام ئەنجامەکانی هەڵبژاردن تووشی سەرسوڕمانی کردین".

لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، کە لە 10ی مانگی رابردوو ئەنجامدرا، رەوتی سەدر زیاتر لە 70 کورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا، بەڵام شکستێکی گەورە تووشی چەند هاوپەیمانێتییەکی شیعە و گرووپە چەکدارەکان هات، بۆیە ئێستا بەهەموو شێوەیەک ئەنجامی هەڵبژاردن رەتدەکەنەوە و داوا دەکەن، پڕۆسەی بەدەست ژماردنەوە بۆ سەرجەم وێستگەکانی دەنگدان لە عێراق بکرێت.