ئیسرائیل: ئێستا خێراتر خۆمان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئێران ئامادە دەکەین

"بۆ بە ئامانجگرتنی هەڕەشە ئەتۆمییەکانی ئێران پلاندانانی سوپای ئیسرائیل خێراتر بووە"
فڕۆكه‌ی جه‌نگیی ئیسرائیل
فڕۆكه‌ی جه‌نگیی ئیسرائیل

K24 - هه‌ولێر:

سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، پلاندانانی سوپا بۆ بە ئامانجگرتنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و رێگریکردن لە هەڕەشەکانی ئەم وڵاتە، خێراتر بوونەتەوە.

ئەڤیڤ کۆچاڤی، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل لە کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نەتەوەیی لە پەرلەمانی ئیسرائیل روونیكرده‌وه‌، بە خۆشحاڵییەوە ئەو بودجەیەی لە کنێست پەسه‌ند کراوە، دەرفەتی بەرەنگاربوونەوەی هەموو هەڕەشەیەکمان دەداتێ و هەر بۆیەش پلاندانانی سوپای ئیسرائیل بۆ بە ئامانجگرتنی هەڕەشە ئەتۆمییەکانی ئێران خێراتر بووە.

سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل راشیگەیاندووە، سوپای وڵاته‌كه‌مان لە سەرانسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چەندین ئۆپەراسیۆنی لە دژی دوژمنان بەڕێوەبردووە و لە هەر جێیەک کە پێویست بێ و بەرانبەر ئێران بێت، یان هەر وڵاتێکی دیکە، ئامادەیە بەرگری لە ئیسرائیل بکات.