چاڤی ئه‌م 5 یاسایه‌ی له‌ ژووری جلگۆڕینی یاریزانان هه‌ڵواسیوه‌

چاڤی هێرناندێز راهێنه‌ری نوێی یانه‌ی بارسێلۆنا
چاڤی هێرناندێز راهێنه‌ری نوێی یانه‌ی بارسێلۆنا

چاڤی دوای دەستبەکاربوونی وەکو راهێنەری بارسێلۆنا لە ئێستاوە کۆمەڵێک رێنمایی و یاسای توندی بەسەر یاریزانانی بارسێلۆنا سەپاندووە و دەیەوێت بە هەموو شێوەیەک جلەوی ژووری جلگۆڕینی بارسێلۆنا بگرێتە دەست، لە یەکەم هەنگاویشیدا یاساکانی بەسەر پیکێ سەپاند.

چاڤی هێرناندێز لە ئێستاوە دەستی بە هەوڵەکانی کردووە بۆ ئەوەی بارسێلۆنا رێکبخاتەوە و بیگەڕێنێتەوە سەردەمی زێڕینی.

چاڤی لە یەکەم ساتی دەستبەکاربوونییەوە دەیەوێت بە هەموو شێوەیەک جلەوی ژووری جلگۆڕین بگرێتە دەست و کۆنتڕۆڵی تەواوی یاریزانەکانی بکات، تاکو بتوانێت بلاوگرانا لەم دۆخە خراپە دەرباز بکات کە تێیکەوتووە، راهێنەرە نوێیەکەی بارسێلۆنا لە یەکەم هەنگاویدا کۆمەڵێک رێنمایی و یاسای بۆ یاریزانەکانی داناوە و لە ئێستاوە سنووری بۆ یاریزانەکان دیاریی کردووە.

بەگوێرەی ئەو رێنماییانەی چاڤی لە ژووری جلگۆڕین هەڵیواسیون، هیچ یاریزانێک بۆی نییە لە کاتی چوونە ژوورەوەی بۆ کۆمەڵگای وەرزشی مۆبایل بەکار بهێنێت، لەناو پاسی یانە و ژووری جلگۆڕینیش بەهەموو شێوەیەک بەکارهێنانی مۆبایل قەدەخەیە.

یاسایەکی دیکەی چاڤی ئەوەیە ئەو یاریزانانەی لە لیستی یارییەکان دوور دەخرێنەوە و بۆ یارییەکان بانگهێشت ناکرێن دەبێت بێنە یاریگای کامپ نوو و کاتژمێرێک پێش دەستپێکی یارییەکە لە یاریگا ئامادەبن.

چاڤی بە یاریزانەکانیشی گوتووە لەکاتی چوونیان بۆ راهێنانەکان دەبێت تەوقە لەگەڵ کارمەندەکانی یانەکەیان بکەن ئەگینا رووبەڕووی سزا دەبنەوە.

چاڤی لە ئێستاوە کار لەسەر توانای جەستەیی یاریزانەکانی دەکات و بڕیاریداوە هەر یاریزانێک پلانێکی وەرزشی بۆ دابنرێت و سیستەمێکی خواردنی بۆ دابنرێت و دەبێت هەر یاریزانێک جگە لە راهێنانە بەکۆمەڵەکانی یانەکەی بە تەنیا راهێنان و مەشقی تایبەتیش بکات تاکو لە رووی توانای جەستەییەوە بەهێزتر بن.

چاڤی جێبەجێکردنی یاسا و رێنماییە توندەکانی لەسەر هاوڕێیە نزیکەکانی دەستپێکرد، رێگری لە جیرارد پیکێ کرد لە مەدرید بەشداریی ناساندنی جامی دەیڤز بکات کە خۆی خاوەندارییەتی ئەو پاڵەوانێتییەی تێنس بکات، لەکاتێکدا پیکێ پێکانی هەیە و بەشداریی راهێنانەکانی یانەکەی ناکات، بەڵام یاسا توندەکانی چاڤی بوونە هۆی ئەوەی پیکێ نەتوانێت بچێت بەشداریی ئەو مەراسیمە بکات.