قوتابخانەی حکوومی و قوتابخانەی تایبەت

Kurd24

 لەگەڵ دەستپێکردنی گەشەی ئابووری لە هەر وڵاتێک، پرۆسەی بەتایبەتکردنی کۆمپانیاکان و دامودەزگا حکوومیەکان یەکێکە لە مەرجە سەرەکیەکانی ئەم گەشەسەندنە.

بەتایبەتکردن قورساییەکی گەورە لەسەر شانی حکومەت لادەبات و ڕێکخستنەوەی کارگێڕی و دارایی لە لایەن ئەو وەبەرهێنەرانەی کە کۆمپانیاکان وەردەگرنەوە و بەتایبەتی دەکەن دەستپێدەکات.

هەندێک جار کۆمپانیا و دەزگای نوێی تایبەت کە کۆمەڵگا پێویستیەتی و قازانجی زۆرە، لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە دروست دەکرێت. قوتابخانە تایبەتەکان لە هەرێمی کوردستان بەشێکی گەورەی ئەم پرۆسەی بەتایبەتکردنەن.

 لە سەرەتای دەستپێکردنی ئەم پرۆسەیە، خەڵک و حکوومەت بە تەواوی نەیاندەزانی ئاسۆ و ئامانجەکانی ئەم پرۆسەیە چەند سوود بە کۆمەڵگاکەمان دەگەیەنێت و بە چاوی پڕ شکەوە چاودێریی پرۆسەی بەتایبەتکردنی قوتابخانەکانیان دەکرد. ڕاگرتنی بەڵانس لە نێوان قوتابخانە تایبەتەکان و قوتابخانە حکوومیەکان پەیوەستە بە توانای بەڕێوەبردن و کارگێڕیی حکوومەتەکان لە تەواوی دونیادا.

حکوومەت پێویستە کار بکات لەسەر تێکنەچوونی بەڵانس لەنێوان ئەم دوو کەرتەدا، بەتایبەتی لە بواری پەروەردە و خوێندندا، چونکە بەتایبەتکردن لە بواری پەروەردە و خوێندن زۆر هەستیارترە لە بەتایبەتکردنی کۆمپانیا بازرگانیەکان. لێرەدا پرسیارێکی گرنگ دێتە پێشەوە ئەویش چۆنیەتیی بەڵانسکردنە لە نێوان قوتابخانە تایبەتەکان لەگەڵ قوتابخانە حکوومییەکان.

پێش هەموو شتێک پێویستە هەردوو کەرت لە یەک سەرچاوەوە تەمویلی دارایی بکرێن! چۆن؟ حکوومەت پێویستە لە ڕێگای سندووقێکی نیشتمانیی پەروەردە و خوێندنەوە پارە دابین بکات بۆ قوتابخانە حکوومی و تایبەتەکان. بۆ ئەم مەبەستە پێویستە سیستەمێکی ئەلیکترۆنی ھەبێت بۆ دیاریکردنی داهاتی هەر تاکێک و کۆمپانیایەک لە کوردستان.

پشتبەستن بە تەواوی ئەو زانیاریانە حکوومەت دەتوانێ ڕێژەیەکی جیاوازی دیاریکراو لە باج بخاتە سەر هەموو خێزانەکان کە پۆلین دەکرێن بۆ دوو جۆری سەرەکی ئەوانیش فەرمانبەرانی حکوومی و خەڵکی ئیشکەرن لە بازاڕی ئازاددا (کۆمپانیا بچووک و مام ناوەند و گەورەکان).

ئەو ڕێژە دیاریکراوەی باج پشت دەبەستێت بە مووچە و داهاتی خێزانەکان، بە جۆرێک کە خێزانە دەوڵەمەندەکان باجێکی زۆرتر دەدەن لەو خێزانانەی کە مووچە و داهاتیان کەمە.

 گەورەترین مەترسی لەناو هەر کۆمەڵگایەک ئەوەیە کەوا لە کەرتی خوێندن و پەروەردەدا قوتابیە کەم دەرامەتەکان جیابکرێنەوە لە قوتابیە دەوڵەمەندەکان. بەمشێوەیە لە دواڕۆژدا دوو چینی دژ بەیەک دروست دەبێت، کە وادەکات هیچ پێوەرێکی زیرەکی و بەتوانایی نەمێنێت لە بازاڕی کاردا (بێتواناکان شانسیان زۆر زیاتر دەبێت لە بازاڕی کاردا، کە دەبێتە هۆی بە هەدەردانی سامانی وڵات و دەست و پەنجە نەجوڵاوەکان زۆر بەختەوەرتر دەژین لە عەقڵە گەورەکان، کە ئەوەش ڕەوڕەوەی ئابووری بەرەو دواوە دەبات و کارەساتی لێدەکەوێتەوە).

 زۆر ئاساییە کە لە بواری بازرگانی و بازاڕی ئازاددا چەند چینێکی جیاواز لە کۆمەڵگادا دروست ببێت و خەڵکە ئیشکەرەکان دەوڵەمەند ببن و جۆری ژیانیان جیاواز بێت، بەڵام لە کەرتی خوێندن و پەروەردەدا نابێ بە هیچ شێوەیەک  جۆری خوێندنی قوتابیە دەوڵەمەندەکان جیاوازبێت لەگەڵ قوتابیە کەم دەرامەتەکان.

گومانی تێدا نیە کە قوتابخانە تایبەتەکان لە بەڕێوەبردن و کارگێڕیدا زۆر سەرکەوتووترن لە قوتابخانە حکوومیەکان، بەڵام ئەگەر جیاوازیی مووچەی مامۆستایان لەم دوو کەرتەدا زۆر بێت، دەبێتە هۆی تێکچوونی شیرازەی قوتابخانە حکوومیەکان، بە جۆرێک کە مامۆستاکانیش بەسەر دوو بەرەدا دابەش دەبن و بەشێک لە قوتابیان بێبەش دەبن لە مامۆستا بە تواناکان.

لە هەموو دونیادا مامۆستاکان ئەرکی وانە وتنەوە و پەروەردە و فێرکردن دەگرنە ئەستۆ و باوک و دایکان لە ماڵەوە ژینگەیەکی لەبار دەڕەخسێنن بۆ منداڵەکانیان، بەڵام لە کوردستان باوک و دایکان ئەرکی فێرکردنیان گرتووه‌تە ئەستۆ و بە بەردەوامی لە حاڵەتی دڵەڕاوکێ دان. بەشێکی ئەو مامۆستایانەی لە قوتابخانە حکوومیەکانن لەبەر هەر هۆیەک بێت زۆر گرنگی بە وانەکانیان نادەن و چاودێرییەکی چڕیان لەسەر نیە وەک قوتابخانە تایبەتەکان، تەنانەت تێبینی دەکرێت کە قوتابیان وانەکانیان زیاتر دەرخ دەکەن لەجیاتی تێیبگەن، کە ئەمە دەبێتە هۆی ڕووخانی ژێرخانی زانستی وڵات.

لێرەدا سندووقی پەروەردە و خوێندن بڕیاری یەکلاکەرەوە دەدات و بەڵانس لە نێوان ئەو دوو کەرتەدا ڕادەگرێت. بێگومان ئەگەر حکوومەت توانی ئەم بەڵانسە ڕابگرێت، ئەوا ئەو جیاوازییە گەورەیەی نێوان قوتابخانە تایبەتەکان و قوتابخانە حکوومیەکان کەم دەبێتەوە، هەرچەندە لەم حاڵەتەشدا قوتابخانە تایبەتەکان لە بەڕێوەبردن و کارگێڕیدا چەند قۆناغێک لە پێش قوتابخانە حکوومیەکاندا دەبن، بەڵام جیاوازیەکان زۆر گەورە نابن و باوکان و دایکان تووشی دڵەڕاوکێ نابن لەکاتی هەڵبژاردنی قوتابخانە بۆ منداڵەکانیان وەک ئەوەی لە ئێستادا ڕوو دەدات.