کێشەی خەڵک و فەنتازیای کۆچ

Kurd24

کێشەی خەڵک داد و نادادیی نییە بەتەنها، گەروا نییە بۆچی بۆ نەمانبینی بزووتنەوەیەکی خۆڕسکی سیاسیی ڕادیکاڵی پێشتڕەو نەک پۆپۆلیست، دروست بێت دژی نادادیی و نایەکسانیی بەدرێژایی بیست ساڵی ڕابردووی ئەم میللەتە.

کێشەکە تەنانەت برسێتی و قات و قڕییش نییە، وامان لێ هاتبێت توێکڵی دار بخۆین و ڤایرۆسی ئیبۆلاو پەتای تاعوون و سیل و سوزەنەک و سورێژەو ئاوڵە لە ناوماندا بێت و قەلەڕەش دەنوک لە سەرشانمان بدات. چونکە بۆ ئەوەش نەمان بینی شۆڕشی برسییەکان و بێلانەکان هەڵگیرسێ و پشکۆ بدات کە مەترسیدارترین شۆڕشەو بەرگەگرتنی ئاسان نابێت بۆ حکومەت.

ئەوەی کێشەیە لە ئێستادا خۆشگوزەرانییە کە خەڵک نییەتی، شتگەلی سادەو ئاسانە، شوقەی لوکس و بۆنی مارکە و ڕەینج ڕۆڤەر نییە، جادەوبان و کارەباو سوتەمەنیی و خۆراکی تەندروست و خزمەتگوزاریی سەرەتایی و هەوای پاکە بۆ سییەکانمان، گرنگە حکومەت بە جددی بیر لەمانە بکاتەوە و چاکسازیی تێدا بکات تا چیتر ئەم کۆمەڵگایە لەبەریەک هەڵنەوەشێت و نەترازێت.

یانی قەرار نییە هیچ کەس دڵشکاوانە بژی، پێویستە مرۆڤ خۆشگوزەران و ئارام بژی و دەستەبەری بەشێک لە ماف و بژێوییەکانی بکرێت و نەکەوێتە بەر سووکایەتیی و نەفرەت، بەڵام لە تراژیدیای کۆچ و سەرهەڵگرتن واوەتر ئەوەیە بەو شێوەیە لێکدانەوە بۆ کۆچ بکرێت و کوردستان بکرێتە دۆزەخ و دەرەوەش باخچەی ئەفسانەیی و فیردەوسیی، دەی بەم دیدە بیمارەوە خودی پرسەکە چەندە ڕەوایەتی هەبێت بە لاڕێدا دەبرێت وەک ئەوەی ئێستا ڕوو ئەدات و پۆڵەنداو بیلاڕووس کراوەتە ئەلاگە بۆ هەڵواسینی هەرچیی ناشیرینیی و خەوش و کێماسیەکانی ئەم هەرێمە.

عیللەتی ئەوەی مرۆڤ چاو دەبڕێتە دەخیلە و ژیان و گوزەران و جلوبەرگ و ڤێللاو وڵاتی ئەویتر، ئەوەیە خۆشگوزەران و ڕاحەت نییە، هیلاک و نائارام و بێ ئۆقرەیە، ژیانی خەسارەت و تاڵی و تفتییە، جیاوازی چینایەتی بێتام دروست بووە. بەڵام ئەوەی تەسویق بۆ ئەوروپا دەکات ئەوە دەزانێ ئەوروپاش خاڵیی نییە لە دڵشکان و بە کۆیلەکردن و بە فابریکەکردنی ئینسانەکان و ڕووتاندنەوەیان و گواستنەوەی مرۆڤ لە دۆخێکی کۆمەڵایەتی و عیرفانیی و هیومانییەوە بۆ دۆخی مرۆڤی ئیشکەرو باجدەرو بێڕۆح و سەرگەردان، لەوێندەریش هەژارو دەوڵەمەند هەیە، رەگەزپەرستی و ڕەیسیزم و ئەپارتاید هەیە، جیاوازیی چیینایەتیی هەیە، ڕۆحی ئەرستۆکراتیەت مرۆڤی هێناوەتە نزمترین پلەی کۆیلایەتی مۆدێرن.

لەوێش کەسی خۆشگوزەران هەرگیز کاری بە ڕێکارەکانی سیاسەت و حیزبایەتی و یاساکان و جنێودان و سوکایەتیەوە نیەو دەخالەتیش ناکات لەو کایانەداو پێچەوانەکەشی راستەو ئەوەتا کۆمەڵگای کوردی هەمووی خەریکە دەبێتە رەخنەگرو نارازیی و سیاسی و شۆڕشگێڕ و یەک تەفسیری واقیعییمان نییە بۆ پرسی کۆچ و کۆچبەریی وەک ڕەگەزێکی مێژووکردی میتۆلۆژیای کۆچ و خوێندنەوەی کۆمەڵناسییانە بۆ کۆچ. کە لەسەر دەستی نوخبەو ئێلیتییەکی بەناو فیکر، تەواو نا زانستیانە چەمکەکانی کۆچ و کۆچەریی و هەڵهاتن و گەشت و کۆڕەوی ملیۆنیی و رەوەندیی و نۆمادیک Nomadic یان بەتەواوی تێکەڵکردووە.

خەڵک مافی خۆیەتی بەدوای ژیانی گونجاودا بگەڕێ و کۆچ بکات بۆ سەرزەمین و ژیانێکی باشتر، بەڵام ڕەتکردنەوەی هەموو جوانییەکانی نیشتیمان نا، چونکە دواجار کۆچ پەڕینەوە نییە بۆ خۆشبەختی، ناکرێ ئێرە دۆزەخ بێ و یادەوەرییتان پڕ بکەن لە مەیل و کەڵکەڵەی خۆدروستکردنەوەو وەهمی خۆشبەختی و دواتر وادەرناچێت.

وەلێ خۆشگوزەرانەکان بۆچی مافی ئەوەیان نییە بەدوای ژیانی ئەوانی ترەوەبن و ڕەخنەگرو ناڕازیی و چاودێربن، چونکە ناڕازیی و سەرهەڵگرتوو نیین، چ حەقێکیان هەیە بەسەر ئەوانی ترەوە کە چۆن دەژین و چی دەخۆن و چی دەپۆشن کەواتە وەرن با ژیانی ئەو زیزو ناخۆشگوزەران و هەژارانە باشتر بکەین تا جوانتر بیر بکەنەوەو مەرگدۆستیی لە زیهنیەتیان بکەینە دەرەوەو خۆشتر بژین.

بۆیە لە پشت کۆنسێبتی کۆچەوە ڕەنج و هەوڵدانێکی گەورە هەیە بۆ خۆشگوزەرانیی و وەهمی بەهەشتەکەی ئەوبەرو ناکرێ بیبەستینەوە بە نادادیی و نابەرابەرییەوە بە تەنها، بە تەنیشتی کۆچیشەوە بەڵێ حیکایەتی ئازارو تراژیدیایەکی بەردەوام هەیە بۆ گەلێکی بێ دەوڵەت و بێ شوناس و دەبێ چارەسەر بکرێت.