له‌سه‌ر راسپارده‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت كارئاسانی بۆ بازرگانانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێت

پارێزگاری هه‌ولێر له‌گه‌ڵ ژووری بازرگانی هه‌ولێر و نوێنه‌رانی ژوورى بازرگانى شارەکانى دیكه‌ی هەرێم و موسڵ كۆبوه‌وه‌
kurdistan24.net

K24 – هه‌ولێر:

له‌سه‌ر راسپارده‌ی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مڕۆ پارێزگاری هه‌ولێر له‌گه‌ڵ ژووری بازرگانی هه‌ولێر و نوێنه‌رانی ژوورى بازرگانى شارەکانى دیكه‌ی هەرێم و موسڵ كۆبوه‌وه‌.

له‌و باره‌یه‌وه‌، له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا، پارێزگاری هه‌ولێر ورده‌كاری كۆبوونه‌وه‌كه‌ی خستووه‌ته‌ڕوو و رایگه‌یاندووه‌، بەمەبەستى سه‌ره‌كی كۆبوونه‌وه‌كه‌ چارەسەرکردنى گرفتى ئابووری و بەهێزکردنى جوڵە و ره‌وشی بازرگانی لە دەروازەی سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران و دۆخی بازاڕ بەگشتی بووه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ریه‌ك له‌  قائیمقامى ناوەند، بەڕێوەبەرى گشتیى کشتوکاڵ، بەڕێوەبەرى گشتیى بازرگانى، بەڕێوەبەرى گەشەپێدانى پیشەسازى، جێگرى بەرێوەبەرى گشتیى گومرگ، بەڕێوەبەرى کۆمەڵگەى سنوورى حاجى ئۆمەران، بەڕێوەبەرى خۆراک و دانەوێڵە، لەگەڵ سه‌رۆكى ژوورى بازرگانى و پیشه‌سازیی، ده‌سته‌ى كاگێڕى و ئه‌ندامانى ژوورى بازرگانى و پیشه‌سازى هەولێر، نوێنەرانى ژوورى بازرگانى شارەکانى دیكه‌ى هەرێم و موسڵ ئاماده‌بوون.

دیمه‌نێك له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌
دیمه‌نێك له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، پارێزگارى هه‌ولێر، تیشكی خسته‌سه‌ر رەوشی ئابووری و چۆنیەتى بەهێزکردنى جوڵە و ره‌وشی بازرگانی لە دەروازەی سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران و دۆخی بازاڕ و پێداویستییەکانی هاووڵاتییان و چۆنیەتی دۆزینەوەی رێگاچارەى گونجاو بۆ كێشە ئابووری و بازرگانییەکان.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هه‌ولێر، رایگه‌یاند، "ماوەیەک لەمەوبەر کۆبوونەوەیەکى دیكه‌مان ئەنجامدا و گوێمان لەگلەیی و پێشنیاز و داخوازییەکانتان گرت، سەرجەم داواکارى و خواستەکانتان گەیشت بە ئەنجوومەنى وەزیران و مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، ئەمڕۆش هاتووین بۆ ئەوەى هەموو ئەو کێشە و بەربەست و کۆسپانەى هەن چارەسەربکەین و بەهەموو لایەک رەوشی ئابوورى و پیشەسازى و بازرگانى و وەبەرهێنان لەشارەکەمان ببوژێنینەوە و بەهێزى بکەین، ئامانجی ئێمە لە حکومەتى هەرێم و پارێزگاى هەولێر ئەوەیە پارێزگارى لە کار و کەسابەتى هاووڵاتییان و کارئاسانى و پشتیگریکردنى بازرگانان بکەین.

كۆبوونه‌وه‌ی پارێزگاری هه‌ولێر و ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی هه‌ولێر
كۆبوونه‌وه‌ی پارێزگاری هه‌ولێر و ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی هه‌ولێر

گوتیشی: هەموو هەوڵێکی خۆمان خستووه‌ته‌گه‌ڕ بۆ گەشەسەندن و پەرەپێدانی ئابووریی و بازرگانی و پیشەسازیی لەشارەکەمان و ئاماده‌ین هەموو ئاسانکارییەکی یاسای و کارگێڕى پێشکەش بە کۆمپانیاکان و بازرگانان بکەین تاوەکو رۆڵ و کاریگەریان هەبێت لە بەرەوپێشبردن و پێشخستن و په‌ره‌پێدانی بازرگانى و پیشەسازی و وەبەرهێنان لەهەولێرى پایتەخت.

له‌و باره‌یه‌وه‌، دارا جه‌لیل خه‌یات، سه‌رۆكی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی پارێزگای هه‌ولێر بۆ كوردستان24 رایگه‌یاند، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرایه‌وه‌، هه‌وڵه‌كانی كردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌ی دووه‌می بازرگانی هه‌رێمی كوردستان و توركیا له‌ سنووری مێرگه‌سوور چڕ بكرێنه‌وه‌.

گوتیشی: كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كرێت جیاوازییه‌كانی باج و رسوومات له‌ ده‌روازه‌كان نه‌هێڵرێت بۆ ئه‌وه‌ی بازرگانان زیانیان به‌ر نه‌كه‌وێت و روونه‌كه‌ ده‌روازه‌ی دیكه‌ و زیان به‌ داهاتی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نه‌گات.

دیمه‌نێك له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌
دیمه‌نێك له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌