وەزارەتی کارەبا لەبارەی دەنگۆی هاککردنی ماڵپەڕی تۆڕی زیرەک روونكردنەوە دەدات

هەواڵێكی چەواشەكارانە بڵاوكراوەتەوە
وه‌زاره‌تی كاره‌با ده‌نگۆیه‌ك ره‌تده‌كاته‌وه‌
وه‌زاره‌تی كاره‌با ده‌نگۆیه‌ك ره‌تده‌كاته‌وه‌

K24 – هه‌ولێر:

وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان دەنگۆی هاککردنی ماڵپەڕی فەرمی تۆڕی پڕۆژەی تۆڕی زیرەک رەتدەکاتەوە.

 لە روونکردنەوەیەکدا وەزارەتی کارەبا رایگەیاند، "لە چەند پەیجێكی سۆشیال میدیا هەواڵێكی چەواشەكارانە بڵاوكراوەتەوە کە گوایە ماڵپەڕی فەرمیی پرۆژەی تۆڕی زیرەك هاككراوە، ئەم هەواڵە دوورە لە راستییەوە و هیچ بنەمایەکی نییە و تەنها بە مەبەستی بە لاڕێدا بردنی رای گشتی بڵاو کراوەتەوە".

لە روونکردنەوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە "ئەوه‌ چەندین جارە هەواڵی بێ بنەما و دوور لە راستی سەبارەت بەم خزمەتگوزارییە گرنگەی کەرتی کارەبا بڵاو دەکرێتەوە. وەزارەتی کارەبا بە پێی یاسا و رێنماییەکان لەسەر دابینکردنی کارەبا بۆ هاوبەشانی بەردەوام دەبێت و کار و  چالاکییەکانی ناکەوێتە ژێر کاریگەریی هیچ جۆرە چەواشەکارییەک و، بەدواداچوونی یاساییش بە مافی خۆی دەزانێت".