دەیان کۆچبەری نایاسایی لە ئاوەکانی تورکیا و فەرەنسا و بەریتانیا لەخنکان رزگارکران

دوای رزگاركردن کۆچبەرەکان دەستگیرکراون
ده‌یان كۆچبه‌ر دوای رزگاركردن ده‌ستگیركران
ده‌یان كۆچبه‌ر دوای رزگاركردن ده‌ستگیركران

K24 - هه‌ولێر:

هێزەکانی چاودێری دەریایی تورکیا لە کەناراوەکانی شاری مەرمەریس لە پارێزگای مۆگلان توانیوانە 22 کۆچبەری نایاسایی لە خنکان رزگار بکەن، کە بە گوێرەی میدیاکانی تورکیا ئەو کۆچبەرانە لەلایەن هێزی دەریایی یۆنانەوە ناچار بە گەڕانەوە بەرەو سنووری تورکیا کرابوون.

لەلایەکی دیکەوە، هێزی دەریایی تورکیا لە هەرێمە ئاوییەکانی شارەکانی فوچا و دیکیلی سەر بە پارێزگای ئزمیر 55 کۆچبەریان دەستگیرکردووە، کە بەهۆی پەککەوتنی بەلەمەکانیان لە دەریادا سەرگەردان بووبوون.

ئاژانسی ئەنادۆڵ-ی تورکی هەواڵەکەی لەسەر زاری هێزی چاودێری دەریایی وڵاتەکەی بڵاوکردووەتەوە، بەڵام ئاماژەی بە رەگەزنامەی کۆچبەرەکان نەداوە و تەنیا رایگەیاندووە، کۆچبەرەکان رادەستی بەڕێوەبەرایەتی کۆچبەرانی مۆگلان کراون.

ئاژانسه‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، هێزی دەریاوانی فەرەنسا رایگەیاندووە، سێ کۆچبەریان لە ئاوەکانی نێوان وڵاتەکەیان لەگەڵ بەریتانیا لە مردن رزگارکردووە.