جووتیاره نموونه‌ییه‌كه له فێستیڤاڵی هه‌نار باسی داهێنانێكی خۆی ده‌كات

K24 - هه‌ولێر:
لە كاری كشتوكاڵیدا تەنیا بەرھەمھێنان گرنگ نییە، را‌گرتن و مانەوەی بەرھەمەكان بۆ ماوەیەكی زۆر یەكێكە لە رێگاكانی پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵی، "ئازاد محەمەد"، وەكو جووتیارێكی نموونەیی كوردستان ناسراوه، بە بەكارھێنانی قوڕ و نەریتی كۆنی كوردەواری چارەسەری زوو تێكچوونی میوەكانی كردووە، لە دووەم رۆژی فێستیڤاڵی ھەنار ئەو میوانە نیشان دەدات، كە ماوەی مانگێك لە ناو قوڕەكەدا هه‌ڵیگرتووە.
جووتیاره نموونه‌ییه‌كه گەڕاوەتەوە سەردەمی كۆنی كوردەواری، بۆ را‌گرتن و زیاتر مانەوەی میوەكان، "ئازاد محەمەد" بە قوڕ دەوری سەبەتەی میوەكەی گرتووە و نموونەی میوەكەی ناو گڵ نیشاندەدات، كه تازە و ساردە، بەراوردی دەكات بە میوەی دەرەوەی گڵەكە.
ئازاد جیا لەوەی بە دەیان بەروبوومی كشتوكاڵی جیاوازی بەرھەمھێناوە و لە بواری موتوربە و پێگەیاندنی بەرھەمە كشتوكاڵییەكان ناوبانگی دەركردووە، لە راگرتنی میوەكانیش ئەزموونی خۆی ھەیە و ئاماژه‌ی به‌وه كرد، ئەمە ھاوكاری جووتیاران دەكات لەوەی بەرھەمەكانی زۆرتر بمێنێتەوە.
ئازاد محەمەد، جوتیاری نموونه‌یی گوتی: "ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ین، جووتیارێك توانای ئه‌وه‌ی نه‌بێت، ساردكه‌ره‌وه‌یه‌ك به 400 ملیۆن یان به 200 ملیۆن به‌ده‌ستبخات، ئه‌وا ده‌توانێت به‌و شێوازه‌ی من كردوومه، به‌روبوومه‌كانی بپارێزێت".
جووتیاره نموونه‌ییه‌كه گوتیشی: "له ئه‌فغانستان ترێ له ناو سه‌به‌ته‌یه‌كی بچووك به قوڕ داده‌پۆشن، من هه‌ر به‌وه‌ش نه‌وه‌ستاوم، ئه‌مساڵ له‌بری ئه‌وه، ته‌واوی كه‌پری میوه‌كه‌م به ته‌واوه‌تی به قوڕ داپۆشیوه، هه‌ر وه‌ك په‌یكه‌رسازێك له‌بنچه‌كه‌یه‌وه تا كه‌پره‌كه هه‌ر هه‌موویم به قوڕ داپشیوه".
بەروبوومێکی خۆماڵی زۆر لە فێستیڤاڵەکە نمایش كراون، ھاووڵاتیان حەزیان لە بەرھەمی خۆماڵییە و بە تەندروستی دەزانن، ئەوان ھیوادارن جیا لە جارێك ساڵانە بۆ چەندین جار لە شارەكانی کوردستان ئەم جۆرە چالاكییە رێكبخرێت.
فێستیڤاڵی ساڵانەی ھەنار ماوەی 3 رۆژە بە بەشداری 95 جووتیار بەڕێوەدەچێت، جیا لەوەی بازاڕێکە بۆ ساخکردنەوەی بەرهەمی ناوخۆ، لەھەمان كاتیش‌دا دەرفەتە بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ناسینی بەرھەمی جووتیارانی ھەموو شارەكانی ھەرێمی كوردستان.