قەرزی گشتی و دەرەکی عێراق بۆ 20 ملیار دۆلار کەمی کردووە

"قەرزی ناوخۆ بەشێکی زۆری قەرزی پێکهێناوە، کە سێ هێندەی قەرزی دەرەکی دەبێت"
دیناری عێراقی
دیناری عێراقی

K24 - هه‌ولێر:

مەزهەر محەمەد، راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایی رایگەیاند، قەرزی دەرەکی و قەرزی گشتی عێراق بۆ 20 ملیار دۆلار کەمی کردووە، دڵنیاییش دەدات، کە ساڵی داهاتوو خاڵی دەبێت لە گوشاری دارایی و بەربەستەکانی پارەدارکردن.

مەزهەر محەمەد، لە نوێترین لێدوانی بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ئاشكرای كرد، قەرزی گشتی و دەرەکی عێراق لە کەمبوونەوەیە و ئێستا نزیکەی 20 ملیار دۆلار قەرز لەسەر عێراق ماوە، ئاماژە بەوەش كرد، لە بودجەی گشتیدا کار بۆ دانەوەی قەرزەکان دەکرێت.

ئاشکراشی كرد، قەرزی ناوخۆ بەشێکی زۆری قەرزی پێکهێناوە، کە سێ هێندەی قەرزی دەرەکی دەبێت و لە چوارچێوەی سیستەمی دارایی حکومەت دایە و پەیوەندی بە هاووڵاتییانەوە نییە.

راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایی روونیكرده‌وه‌، ئابووری عێراق لە ساڵی 2022 روو لە گەشانەوە دەکاتەوە، هیچ گوشارێکی بۆ دروست نابێت، هۆکارەکەشی بۆ گەشانەوەی بازاڕی وزە و بەرزبوونەوەی خواست بۆ نەوت دەگەڕێنێتەوە، سەرەڕای ئەوەش هەناردەی نەوتی عێراق بەرزدەبێتەوە.