8 یاریزانانی ریال مه‌درید ئاگاداركراونه‌ته‌وه‌ كه‌ یانه‌كه‌ جـێبـهـێڵن

گاریس به‌یل و ئیدین هازارد به‌ درێسی ریال مه‌درید
گاریس به‌یل و ئیدین هازارد به‌ درێسی ریال مه‌درید

یانه‌ی ریال مه‌درید لیستێكی یاریزانانی ئاماده‌كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ گواستنه‌وه‌ی زستانه‌ له‌ یانه‌كه‌ بڕۆن كه‌ تێیدا 8 یاریزان ئاگاداركراونه‌ته‌وه‌ كه‌ ئاماده‌كاری بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی یانه‌كه‌ جێبهێڵن.

رۆژنامه‌ی موندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانیا، له‌ راپۆرته‌ هه‌واڵێكدا ئاشكرای كردووه‌ كه‌ ده‌سته‌ی كارگێری یانه‌ی ریال مه‌درید له‌سه‌ر ره‌زامه‌ندی كارلۆ ئانچیلۆتی راهێنه‌ری ئیتاڵی یانه‌كه‌ بڕیاری ده‌ستبه‌رداربوونیان له‌ 8 یاریزانانی یانه‌كه‌ داوه‌.

به‌ گوێره‌ی سه‌رچاوه‌كه دیارترین‌ یاریزانانی نێو لیسته‌كه‌ گاریس به‌یل و ئیدین هازارده‌، ئه‌ستێره‌ وێڵزییه‌كه‌ گرێبه‌سته‌كه‌ی له‌ كۆتایی ئه‌م وه‌رزه‌ ته‌واو ده‌بێت و ریال مه‌درید ده‌یه‌وێت پێش ئه‌وه‌ی به‌خۆڕایی یانه‌كه‌ جێبهێڵێت بڕێك پاره‌ی ده‌ستبكه‌وێت و له‌ گواستنه‌وه‌ی زستانه‌ بیفرۆشێت.

ئیدین هازاردیش گرێبه‌سته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ریال مه‌درید له‌ هاوینی 2024 كۆتایی دێت، به‌ڵام به‌رپرسانی یانه‌ی شایانه‌ به‌ ته‌واوه‌تی له‌و یاریزانه‌ بێهیوابوون و چاوه‌ڕوانی گرێبه‌ستێكی باش ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له‌ گواستنه‌وه‌ی زستانه‌ له‌ كۆڵ خۆیانی بكه‌نه‌وه‌.

ئیسكۆی ناوه‌راستكاری یانه‌كه‌، یه‌كێكی دیكه‌یه‌ له‌و یاریزانانه‌ی خراوه‌ته‌ی لیستی یاریزانه‌ فرۆشراوه‌كان، ئێستا ئه‌و یاریزانه‌ له‌ لایه‌ن یانه‌ی یوڤێنتۆسه‌وه‌ داوا كراوه‌، ناچۆ فێرناندێزیش له‌ لایه‌ن ئانچیلۆتی پشتگوێخراوه‌ و ده‌رگای رۆیشتنی له‌به‌رده‌میان كراوه‌ته‌وه‌.

لوكا یوڤیچ و ماریانۆ دیاز له‌ نێو ریزبه‌ندی پێنجه‌م و شه‌شه‌مین یاریزانانی نێو لیسته‌كه‌ن كه‌ گڵۆپی سه‌وزیان بۆ رۆیشتن بۆ هه‌ڵكراوه‌ و ئانچیلۆتی ئاره‌زووی به‌شداریكردنی ئه‌و یاریزانانه‌ ناكات و ره‌زامه‌ندی نیشان داوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ره‌تای ئه‌م ساڵ ماڵئاوایی له‌ یانه‌كه‌ بكه‌ن.

دانی سیبایۆس حه‌وته‌مین یاریزانانه‌ كه‌ ئاگاداركراوه‌ته‌وه‌ یانه‌كه‌ جێبهێڵێت و له‌ لایه‌ن یانه‌ی ریال بێتیسه‌وه‌ ئۆفه‌رێكی پێشكه‌ش كراوه‌ و یاریزانی هه‌شته‌میش ڤایخۆی به‌رگریكاره‌.