هۆشداری لە پیسبوونی کەشوهەوای پێنج شاری ئێران ده‌درێت

زانکۆی تاران: ساڵانە 40 هەزار کەس بە هۆی پیسبوونی هەوای شارەکانەوە دەمرن
به‌هۆی پیسبوونی هه‌واوه‌ له‌ پێنج شاری ئێران رێژه‌ی مردن به‌رزبووه‌ته‌وه‌
به‌هۆی پیسبوونی هه‌واوه‌ له‌ پێنج شاری ئێران رێژه‌ی مردن به‌رزبووه‌ته‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

رێکخراوی کەشناسیی ئێران سەبارەت بە پیسبوونی ژینگه‌ پێنج گەورە شاری وڵاته‌كه‌ی هۆشداریی داوە و داوای لە هاووڵاتیان کردووە، لە هاتووچۆی ناپێویست لەم شارانە خۆ ببوێرن. بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکان، پیسبوونی ژینگه‌ لە ئێران شەش ئەوەندەی ستانداری جیهانییە، کە لەلایەن رێکخراوی جیهانیی تەندروستییەوە راگەیاندراوە.

به‌ پێی سه‌رچاوه‌ میدیاییه‌كانی ئێران، ئەم رۆژانە خەڵکی گەورە شارەکانی ئێران زیاتر بە هۆی پیسبوونی هەوای شارەکانیانەوە دەمامک بەکارده‌هێنن، نەک لە ترسی پەتای کۆڕۆنا.

رێکخراوی کەشناسیی ئێران سەبارەت بە پیسبوونی لەڕادەبەدەری هەوای پێنج گەورە شاری تاران، ئه‌سفەهان، مەشهەد، ئەراک و کەرەج هۆشداریی زەردی راگەیاندووە و داوای لە هاووڵاتیان کردووە، مەگەر بۆ کاری زۆر پێویست نەبێ، ئەگەرنا سەردانی ئەم شارانە نەکەن.

ئەم رێکخراوەیە هۆشداریشیداوە، ئەگەر هۆکارەکانی پیسبوونی هەوای شارەکان کۆنترۆل نەکرێن، لە ماوەیەکی کورتدا دەچنە دۆخی سوور و نەک تەنیا کەسانی نەخۆش و بەساڵاچوو، بەڵکو لاوان و کەسانی تەندروستیش ژیانیان دەکەوێتە مەترسییەوە.

رێکخراوی کەشناسی داوای کردووە چالاکییە وەرزشییەکان لەو شارانە رابگیرێن. سەرۆکی ناوەندی لێکۆڵینەوە لە پیسبوونی کەشوهەوای زانکۆی تاران رایگەیاندووە، ساڵانە 40 هەزار کەس بە هۆی پیسبوونی هەوای شارەکانەوە دەمرن.

بە گوتەی "محەمەد سادق حەسەنوەند"، به‌گوێرەی ئامارە فەرمییەکان، رادەی پیسبوونی هەوا لە ئێران شەش ئەوەندەی ئەو ستانداردەیە، کە لەلایەن رێکخراوی جیهانیی تەندروستییەوە راگەیاندراوە.

ئێران ئەگەرچی لە ریزی وڵاتە گەورەکانی پیشەسازی نییە و خاوەنی پیشەسازییەکی ئەوتۆ نییە، بەڵام یەکێکە لە 10 وڵاتی سەرەکیی پیسکەری ژینگە و بەرگەهەوای زەویی و بەرهەمهێنەری گازی گوڵخانەییە، کە هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمای زەویی و تێکچوونی کەشوهەوایە. سەرەکیترین هۆکاریش بەکارهێنانی سووتەمەنییە بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، کە گازێکی ژەهراویی زۆر مەترسیدار تێکەڵ بە هەوای ئەو وڵاتە دەکات.

ئەگەرچی وڵاتانی گەورەی پیشەسازیی جیهان لە دوایین کۆنفرانسی ژینگە لە گلاسکۆی سکۆتلەندا رێککەوتوون لەسەر ئەوەی تا ساڵی 2030 دەرهاوێشتەی گازی گوڵخانەیی بگەیەننە سفر، بەڵام ئێران رایگەیاندووە، بە هۆی ئەوەی وڵاتەکەیان گەمارۆی لەسەرە، ناتوانێت بۆ کەمکردنەوەی هۆکارەکانی پیسبوونی بەرگەهەوا، هیچ هاوکارییەکی جیهان بکات.