پارێزگای هه‌ولێر: دیوانی ئەنجومەنی وەزیران پاڵپشتی بۆ پڕۆژه‌كانی پایته‌خت دووپاتكرده‌وه‌

"پارێزگاری هەولێر سوپاسی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران کرد بۆ هەموو ئەو پاڵپشتی و هاوکارییەی کە چ لە ڕابردوو و چ لە ئێستادا پیشکەشى پارێزگای هەولێریان کردووە"
شه‌قامێكی سه‌ره‌كی شاری هه‌ولێر
شه‌قامێكی سه‌ره‌كی شاری هه‌ولێر

K24 – هه‌ولێر:

راگه‌یاندنی پارێزگای هه‌ولێر رایده‌گه‌یه‌نێت، بە مەبەستی خزمەتکردنى هاووڵاتییان و گرنیدان بە پڕۆژەکانی پەرەپێدانى پارێزگای هەولێر، بە سەرپەرشتی د.ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارێزگاری هەولێر، لە دیوانی پارێزگا، کۆبوونەوەیەک لەگەڵ سەرجەم قائیمقامەکانى سنوورى پارێزگاى هەولێر ئەنجامدرا.

پارێزگای هه‌ولێر رایگه‌یاند، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران تەواوى پاڵپشتی و هاوکاری سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیرانى بۆ پارێزگای هەولێر دووپاتکردەوە.

راگه‌یاندنی پارێزگای هه‌ولێر راشیگه‌یاند، له‌ پێناو ئامادەکاری بۆ پڕۆژەکانى پەرەپێدانى پارێزگاى هەولێر بۆ ساڵى 2022، هەموو ئاسانکارییەکی دیوانى ئەنجومەنى وەزیرانى بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان، نیشاندا.

جه‌ختیكرده‌وه‌، پارێزگاری هەولێر سوپاسی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران کرد بۆ هەموو ئەو پاڵپشتی و هاوکارییەی کە چ لە ڕابردوو و چ لە ئێستادا پیشکەشى پارێزگای هەولێریان کردووە.

پارێزگای هه‌ولێر ئاماژه‌یپێكرد، لە چوارچێوەی پڕۆژەکانی پەرەپێدانی پارێزگای هەولێر بۆ ساڵى 2021، به‌ فەرمان و ڕاسپاردەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە زۆربەى ئەو شوێنانەی پێویستى کردووە، دەست بە ئەنجامدانى پڕۆژەکان کراوە، کە لە ئیستادا بەشێک لەو پڕۆژانەش تەواو بوون و بەشێکى تریشیان لە تەواوبووندان.

لایه‌نێكی كۆبوونه‌وه‌كه
لایه‌نێكی كۆبوونه‌وه‌كه