كۆیه‌... پۆلیسێکی هاتوچۆ سزای پێ بژاردن بۆ دادوەرێک دەکات و ئەویش ده‌ستگیری ده‌كات

"چونکە کارمەندەكه‌ پلەی سەربازی هەیە ئەمڕۆ بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی هاتوچۆی کۆیە رادەستی دادگایان کردووە و ئێستا دەستگیر کراوە"
شاری كۆیه‌ له‌ به‌رزاییه‌كانی هه‌یبه‌ت سوڵتان
شاری كۆیه‌ له‌ به‌رزاییه‌كانی هه‌یبه‌ت سوڵتان

K24 – هه‌ولێر:

کارمەندێکی پۆلیسی هاتوچۆی کۆیە سزای پێ بژاردن لە بەرامبەر نەبەستنی پشتێنی سەلامەتی بۆ داواکاری گشتی کۆیە دەکات و داواکاری گشتیی کۆیەش سکاڵای یاسایی لە سەر تۆمار دەکات و کارمەندەکەی پۆلیسی هاتووچۆش دەستگیر دەکرێت.

سەرچاوەیەک لە پۆلیسی هاتووچۆی کۆیە بە كوردستان24ـی راگەیاند، رووداوەکە رۆژی پێنج شەمەی رابردوو بووە و لە پێش بازگەی تۆبزاوا، لە بازگەی پۆلیسی هاتووچۆ، کارمەندێکی پۆلیسی هاتووچۆ بە پلەی موفەوزی شەش، دوو جار داوکاری گشتی کۆیە ئاگادار دەکاتەوە کە پشتێنی سەلامەتی نەبەستووە، لە بەرامبەردا داواکاری گشتی پێی گوتووە ئاگادارکردنەوەی شۆفێر بە پەنجە راوەشاندن نابێ، پۆلیسەکەش راستەوخۆ لە رێگای ئامێری پێ بژاردنی سزای پسوولەی بۆ کردووە.

دواتر داواکاری گشتی بە ماددەی 229 لە یاسای سزادانی عێراقی کە تایبەتە بە هەڕەشەکردن، گوایه کارمەندەکەی پۆلیسی هاتوچۆ بۆ ئاگادارکردنەوەی پەنجەی راوەشاندووە و  ئەوەش وەک هەڕەشە ئەژمار دەکرێ، بۆیه‌ فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ پۆلیسەکە دەرکردووه .

بەپێی سەرچاوەکەی پۆلیس، بە تەکلیف فەرمانی دەستگیرکردنەکەی لە رۆژی پێنج شەممە راگیرا، چونکە پۆلیسەکە خێزاندارە و ماڵ و منداڵی هەیە.

بەڵام چونکە کارمەندەكه‌ پلەی سەربازی هەیە ئەمڕۆ بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی هاتوچۆی کۆیە رادەستی دادگایان کردووە و ئێستا دەستگیر کراوە.