لە ئەوروپا پێدانی مافی پەنابەرێتی ئەستەم دەبێت

بارودۆخی پەنابەران تا دێت دژوارتر و سەختر دەبێ
ژمارەیەک پەنابەر لە سوید - ئەرشیف
ژمارەیەک پەنابەر لە سوید - ئەرشیف

K24 - ستۆکهۆڵم

بارودۆخی پەنابەران تا دێت دژوارتر و سەختر دەبێت. بە سەدان خێزانی کورد رێگای پڕ لە نەھامەتی سەفەری نادیاریان گرتووەتە بەر، بەھیوای گەیشتن بە ئەوروپا کۆرپەکانی باوەشیان بە قەزا و قەدەر سپاردووە، بێئاگا لەوەی کە وڵاتانی ئەوروپا بڕیارەکانیان توندتر دەبێت، پارێزەرێکی کورد لە سوید کە بە دەیان کەیسی پەنابەری لایە یاسای سوید بۆ پەنابەران روندەکاتەوە و ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، ئێستا کەمتر باوەڕ بەو چیرۆکانە دەکرێت کە پەنابەران بۆ مافی پەنابەری دروستی دەکەن.

بوونی سەقامگیری و ئاسایش لە ھەرێمی کوردستان، وایکردووە کە بەڕێوەبەرایەتی پەنابەرانی سوید نەتوانێت بڕوا بەو چیرۆکانە بکات، کە پەنابەران دەیخوڵقێنن بۆ مانەوەیان لەو وڵاتە.

رێبوار فەخری، پارێزەرێکی کوردە لە سوید بە کوردستان24ی راگەیاند: "سوید هەرێمی کوردستان بە شوێنێکی ئارام  و سەقامگیر دەزانێت، بۆیە باوەڕ بە کەیسی پەنابەرانی کورد ناکەن و لە وەڵامی پەنابەران دەڵێن کەس لە وڵاتی خۆتان دەستگیرتان ناکات، قسەی پەنابەران پێچەوانەوەی راپۆرتەکانی دەوڵەتی سویدە کە لەبارەی کوردستانەوە دەیزانن".

وەرگرتنی مافی مانەوەی بەردەوام لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە جیاوازە، بەتایبەتی لە وڵاتی سوید بەپێی رێنماییەکانی ئەمساڵ بۆ پەنابەران بوونەتە بڕیار و کاری پێدەکرێت، بۆ هەرێمی کوردستان پێدانی مافی مانەوەی تەنانەت کاتیش زۆر ئەستەمە.

لەوبارەوە ئەو پارێزەرە دەڵێت: "وڵاتی سوید بۆ بابەتی وەرگرتنی پەنابەر وڵاتانی جیا کردووەتەوە، ئەو وڵاتانەی کە دۆخیان باشترە و سەقامگیرترن هەڵسوکەوتیان زۆر جیاوازترە لەگەڵ ئەو پەنابەرانەی لە وڵاتێک هاتوون کە شەڕ و ئاژاوەی تێدایە، کەمتر مافی پەنابەری بەو کەسانە دەدرێت کە لە وڵاتێک هاتوونەتە سوید کە وڵاتەکەیان گرفتێکی سەرەکی نییە بۆ ژیان".

روونیکردەوە: "بۆ عێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی هەڵوێستی سوید زۆر جیاوازە، ئەوان هەرێمی کوردستان بە شوێنێکی ئارام دەبینن، کە کێشەی ئابووری و سیاسی کەمە".

باسی لەوەشکرد: "وەرگرتنی مافی پەنابەرێتی بۆ ئەو کەسانەی لە هەرێمی کوردستان دێنە سوید زۆر سەختە، وەک پارێزەرێک زۆر کەیس لەلام هەبووە".

ئاماژەی بەوەشکرد: "کاتێک کەسێک داوای مافی پەنابەرێتی دەکات، دەبێ بەڵگەی هەبێت و هەموو قسەکانی کۆک بن لەگەڵ یەکتر، زۆرجار کە دەزانن قسەکان وەک نین، کەیسەکە رەتدەکرێتەوە و مافی پەنابەرێتی پێنادرێت".

رێبوار فەخری، دەربارەی جۆری کەیسەکان ئەوەئ خستەڕوو: "زۆر لە پەنابەران لە کەیسەکانیان باس لەوە دەکەن کە بهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە هاتوونەتە ئەو وڵاتە، بەڵام زۆریان بەڵگەیان نییە و لەکاتی مقابلە لە قسەکانیان دەردەکەوێت ئەوەی دەیڵێن رووی نەداوە، ناتوانێ بیسلەمێنێ کە ئەو لە وڵاتەکەی مەترسی لەسەرە".

بەگوێرەی دوایین یاساکانی حکومەتی سوید سەبارەت بە پەنابەران، مافی مانەوەی کاتی تەنیا بەو کەسانە دەدرێت، کە بارودۆخی وڵاتەکەیان نائارامە و لەگەڵ گەڕانەوەی ئارامی ئەو مافەیان لێ دەستێندرێتەوە .