وادەی یەکەم گەشتی ئاسمانی بۆ گەڕاندنەوەی کۆچبەرانی بێلارووس ئاشکرا کرا

حکومەتی عێراق: هیچ وڵاتێک قبوڵ ناکات، کۆچبەران بەشێوەیەکی نایاسایی بچنە ناو خاکەکەیەوە
ژمارەیەک پەنابەر لە سنووری بێلارووس - پۆڵەندا - فۆتۆ: AFP
ژمارەیەک پەنابەر لە سنووری بێلارووس - پۆڵەندا - فۆتۆ: AFP

K24 - هەولێر

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایدەگەیەنێت، هیچ وڵاتێک قبوڵ ناکات، کۆچبەران بەشێوەیەکی نایاسایی بچنە ناو خاکەکەیەوە، بۆیە پێویستە ئەو کۆچبەرانەی لەسەر سنوورەکانی بێلارووسیا و پۆڵەندا گیریان خواردووە، بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان، حکومەتی عێراقیش هەموو کارئاسانییەک بۆ گەڕانەوەیان دەکات، بڕیاریشە 18ی ئەم مانگە، یەکەم گەشتى گەڕاندنەوەى کۆچبەرانی عێراق ئەنجام بدرێت.

ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "وڵاتان رێگەنادەن کەس بەشێوەی نایاسایی بچێتە ناو خاکەکەیانەوە، ئەو خەڵکەی لەسەر سنوورەکانی ئەو دوو وڵاتەن، تووشی چەندین کێشەی یاسایی و رێکاری ئەمنی وڵاتانی ئەوێ دەبنەوە، هەروەها تووشی چەندین ئاستەنگی دیکە دەبنەوە، بەهۆی خراپی کەشوهەوا و نەبوونی خۆراک، بۆیە تاکە چارەسەر، گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەیە بۆ وڵاتەکەیان، وەزارەتی دەرەوەی عێراقیش کارئاسانییان بۆ دەکات".

وەک هەوڵێک بۆ رێگریکردن لە چوونی کۆچبەرانی زیاتر، بۆ بێلارووس، حکومەتی عێراق، کاری باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتەی لە بەغدا و کونسڵخانەکەی لە هەولێر راگرتووە، بەڵام وەک ئەحمەد سەحاف دەڵێت، ئەمە بە مانای ئەوە نییە، کە دەتوانن رێگری لە باندەکانی بە قاچاغبردنی خەڵک بکەن.

لەو بارەوە گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق گوتی: "وەزارەتی دەرەوە بەشێوەیەکی کاتی کارەکانی باڵیۆزخانەی بێلارووسی لە بەغدا راگرتووە، بۆئەوەی رێگە نەدرێت، ڤیزا بدرێتە هاووڵاتییان، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە دەتوانین رێگری لە تۆڕەکانی بە قاچاغ بردنی خەڵک بکەین، ئەوانەی بەشێوەیەکی نامرۆڤانە بازرگانی بە خەڵکەوە دەکەن و گیانی ژمارەیەکی زۆری گەشتیاران دەخەنە مەترسییەوە".

بەگوێرەی ئامارەکان زیاتر لە چوار هەزار کۆچبەر، کە بەشێکیان خەڵکی هەرێمی کوردستانن لەسەر سنووری بێلارووس و پۆڵەندا گیریانخواردووە، رێگە بە چوونیان بۆ ناوخاکی پۆڵەندا نادرێت. بەرپرسانی یەکێتی ئەورووپاش ئاماژە بەوەدەدەن، ئامادەنین ئەو کۆچبەرانە وەربگرن. جەختیشدەکەنەوە ئەم دەرگا واڵاکردنەی  حکومەتی مینسک بۆ کۆچبەران، وەک تۆڵەکردنەوەیەکە بۆ ئەو سزایانەی یەکێتی ئەوروپا لە ساڵی رابردوو خستوویەتیە سەری.