"عەرەبی 10 هەزاری" هەوڵی داگیرکردنی گوندێکی کوردستان دەدەن
K24 – کەرکووک
ئەمڕۆ ژمارەیەک عەرەبی هاوردە هاتوونەتە سەر گوندی شناغە لە سنووری ناحیەی سەرگەڕان، ویستویانە گوندەکەیان داگیر بکەن و خێوەتیان لە دەوروبەری گوندەکە هەڵداون، خەڵکی گوندەکەش رێگریان لێدەکەن و دەڵێن، قبوڵی ناکەن خاکەکەیان داگیر بکرێت.
هێمن دەلۆ، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند: "ئەو عەرەبانە لە سەردەمی بەعس هێنرابوونە ناوچەکە و جێگیر کرابوون، دوای ساڵی 2003 خاکە داگیر کراوەکانیان جێهێشت، کە بە (عەرەبی 10 هەزاری ناسراون) دوای 16ی ئۆکتۆبەر جارێکی دیکە گەڕاونەتەوە ناوچە کوردستانییەکان و دەیانەوێت زەوییەکانی کوردان داگیر بکەن".
عەرەبی 10 هەزاری بەو عەرەبانە دەگوترێت کە ژمارەیان 10 هەزار کەس بووە و لە سەردەمی رژێمی بەعس هێنراونەتە ناوچە کوردستانییەکان و پارە و خانوویان پێدراوە و لەسەر زەوی و خانووی کوردان جێگیرکراون.
گوتیشی: "لە بەیانی ئەمڕۆوە ژمارەیەک عەرەبی هارودە هاتوونەتە گوندی شناغە و خێوەتیان هەڵداون، دەڵێن ئەو گوندە هی ئێمەیە، خەڵکی گوندەکەش رێگریان لێدەکەن".
هاووڵاتییەکی دانیشتووی گوندەکە بە کوردستان24ی گوت: "ئەوانە عەرەبی 10 هەزارین و شیعەن لە باشووری عێراقەوە هاتوونەتە ئێرە و دەیانەوێت گوندەکەمان داگیر بکەن، ئێمەش هێزە ئەمنییەکانمان ئاگادار کردووەتەوە، ئەگەر لێرە دووریان نەخەنەوە خۆمان دووریان دەخەینەوە".
هاووڵاتییەکی بە تەمەنی دانیشتووی گوندی شناغە دەڵێ: "لە ساڵی 1963ـەوە ئێمە لەو دۆخە داینە و عەرەبەکان چاویان بڕیووەتە خاکەکەمان، تەنها لەبەر ئەوەی کوردین ئەوەمان بەرامبەر دەکرێت، ئەگەر بەسەر لاشەشمانن دا بڕۆن رێگەنادەین گوندەکەمان داگیر بکەن، ئێمە نامانەوێت ئیشی بێ یاسایی بکەین، بەڵام ئەگەر بەرگری لە مافەکەمان نەکرێت ناچارین خۆمان بەرگری لە خۆمان بکەین".
باسی لەوەشکرد: "عەرەبە هاوردەکان ئەمجارە کە هاتوونەتە گوندەکەمان خێوەتیان هەڵداوە و ژنەکانیشیان لەگەڵیان هاتوون".
یەکێکی دیکە لە خەڵکی گوندەکە گوتی: "ئەگەر دەزگا ئیدارییەکان و هێزە ئەمنییەکان خێوەتەکان بە عەرەبە هاوردەکان هەڵنەگرێتەوە خێوەتەکانیان دەسوتێنین".