ئەمڕۆ هەولێر بەرامبەر نەفتی بەسرە گرێکوێرەکەی دەکاتەوە؟

یاریزانانی یانەی هەولێر
یاریزانانی یانەی هەولێر

ئەمڕۆ ئێوارە هەولێر لە خولی نایابی عێراق میوانداریی نەفتی بەسرە دەکات، کە پێشتر هەرگیز یانەکەی قەڵا و منارە نەیتوانیوە لەو یانەیە بباتەوە.

ئەمڕۆ ئێوارە کاتژمێر 06:30 هەولێر لە یاریگای فڕەنسۆ هەریری لە گەڕی نۆیەمی خولی نایابی عێراق میوانداریی نەفتی بەسرە دەکات، کە هەولێر لەم وەرزە لەکۆی هەشت یاریی تەنیا یەک بردنەوەی بەدەستهێناوە و حەوت خاڵی کۆکردووەتەوە و لە پلەی چواردەمی ریزبەندی دێت، نەفتی بەسرەش لە پلەی پێنجەمی ریزبەندی 14 خاڵی هەیە.

هەولێر لە کۆی 12 رووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ نەفتی بەسرە هەرگیز نەیتوانیوە هیچ بردنەوەیەک لە یارییە فەرمییەکان لەدژی ئەو یانەیە بەدەست بهێنێت، هەولێر حەوت یاریی بەرامبەر نەفتی بەسرە دۆڕاندووە و لە پێنج یارییەکەی دیکەش یەکسان بوون، یانەکەی قەڵاومنارە 12 گۆڵی لێکراوە و تەنیا پێنج گۆڵی کردووە.

هەولێر بۆ ئەم یارییە بەهۆی پەیوەندیکردنیان بە تیپە جیاوازەکانی هەڵبژاردەی عێراق لە تواناکانی شێرکۆ کەریم و عەبدولقادر ئەیوب و عەلی ساخەوان بێبەش دەبێت، هەروەها ئۆتچۆش بەهۆی پەیوەندیکردنی بە هەڵبژاردەی تۆگۆ ئامادە نابێت.

هەولێر لەم وەرزەی خولی نایابی عێراق تەنیا لە یاریی بەرامبەر تەڵەبە بردنەوەی بەدەستهێنا کە لە گەڕی شەشەم 2-1 سەرکەوتنی بەدەستهێنا، هەولێر لە کۆی هەشت یاریی تەنیا شەش گۆڵی کردووە و نۆ گۆڵیشی لێکراوە.