قشڵەی ئاكرێ نۆژەن دەکرێتەوە
K24 - هەولێر
لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار قشڵەی ئاكرێ نۆژەن دەكرێتەوە.
وەزارەتی شارەوانی رایگەیاند: "كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بایەخێكی زۆر بە ناوچە شوێنەواری و كەلەپوورییەكان دەدات و لەم چوارچێوەیەشدا مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بڕیاریداوە كە ساڵانە بڕی 900 ملیۆن دینار بۆ پەرەپێدانی كەرتی شوێنەواری هەرێمی كوردستان خەرج بكرێت.
ئاماژە بەوەشکراوە: "لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە گوژمەی 166 ملیۆن دینار، قشڵەی ئاكرێ نۆژەن دەكرێتەوە، كە پڕۆژەكە بە سەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و کەلەپووری دهوک و بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و کەلەپووری ئاکرێ جێبەجێ دەكرێت".
قشڵەی ئاکرێ، یەکێکە لە شوێنە شوێنەواری و کەلەپوورییەكانی پارێزگەی دهۆك و دەکەوێتە سنووری قەزای ئاکرێ، ماوەیەك بوو ئەم قشڵەیە مەترسیی رووخان و لەناوچوونی لەسەربوو، بۆیە ئێستا کار بۆ پاراستنی دەكرێ و لەسەر هەمان شێوازی کۆنی خۆی و بە هەمان کەرەستە و تایبەتمەندی مێژوویی نۆژەن دەكرێتەوە. نۆژەنكردنەوەی ئەو قشڵەیە دەبێتە هۆی ئەگەری بووژانەوەی کەرتی گەشتوگوزاریش لە ئاکرێ.