ئەستێرەیەکی ئۆپێرای جیھانی، یەکەم بەرھەمی بە زمانی کوردی بڵاودەکاتەوە

گۆرانی "ھۆی نێرگز" ئاوێزانی ئۆپێرا دەکرێت

K24 - مۆسکۆ

خانمە ھونەرمەندی کوردی رووسیا و ئەستێرەی ناوداری ئۆپێرای رووسیا و جیھان دامە سڤێتلانا کەسییان،  یەکەم گۆرانی بە زمانی کوردی بڵاوکردەوە.

ھۆی نێرگز، گۆرانیەکی فۆلکلۆری کوردییە و خانمە هونەرمەند دامە سڤێتلانا کەسییان، بۆ یەکەمجار ئاوێزان بە ئۆپێرای کردووە، دوای تۆمارکردنی دەنگ و کلیپکردنی لە رێگای کوردستان 24 وە پێشکەشی بینەر و بیسەرانی دەکات.

دامە سڤێتلانا کەسییان، بە کوردستان24 گوت: "بۆ من شەڕەفێکی گەورەیە و جێی خۆشحاڵییەکی زۆرە، کە یەکەم بەرھەمم بەزمانی دایکم بڵاو دەکەمەوە، ئەمە یەکێکە لەو بەرھەمە دانسقانەی کە لە ئەلبومە نوێیەکەمدا ھەیە و بە 13 زمانی جیاواز گۆرانیم گوتووە".

دامە سڤێتلانا کەسییان، ئەستێرەیەکی ئۆپێرای  رووسیا و جیهانە، زیاتر لە 25 ساڵە لە سەر شانۆ مەزنەکانی جیهان بە دەنگە ئەفسوناوییەکەی گۆرانی ئۆپێرا دەچڕێت، چەند جارێک پاپای ڤاتیکان لە کۆنسێرتەکانی بەشداربووە، لە پای خزمەتی هونەر و کولتوور، پاپا فرانسیس مەدالیای (شاسواری سیلڤیستەری پیرۆز) و نازناوی دامەی پێبەخشیوە، سڤێتلانە یەکەم ژنە هونەرمەندی ئۆپێرایە لەسەر ئاستی جیھان لە مێژووی ڤاتیکاندا ئەو خەڵاتەی پێدراوە.

دامە سڤێتلانا کەسییان، لە شاری باتومی جۆرجیا لە خێزانێکی کوردی ئێزیدی لە دایکبووە،  تەمەنی 9 ساڵان بووە کاتێک لەگەڵ دایک و براکەی و نەنکی، چوونە کازاخستان بۆ لای خوشکی دایکی لە ئاکتوبێ، لەوێ تا تەمەنی 17 ساڵی خوێندوویەتی، پاشان بەردەوام بووە لە گەڕان بەدوای مامۆستای دەنگدا، بۆ ئەوەی دەنگی خۆی گەشە پێبدات و بەردەوام بێت لە چڕینی ئۆپێرا و پێشکەوتن لە چینەکانی دەنگدا هەست پێبکات، سەرەتا لە ئەستراخانی رووسیا  گیرساوەتەوە و ساڵێک کۆلێژی لەوێ خوێندووە، پاشان چووەتە مۆسکۆ بۆ پەیمانگای مۆسیقای میری، دەستبەجێ نەیتوانیوە بێ بەرانبەر بخوێنێت، بۆیە پاسپۆرتی کازاخستانی گۆڕیوە و بووەتە هاووڵاتی رووسیا، دواتر بەھۆی پێشکەوتنی بەرچاوی لە ئۆپێرا، بردوویانە بۆ بەلشۆی تیاتر و ژیانی پیشەیی وەکو هونەرمەند تا ئاستی سۆپرانۆ لە "بەلشۆی تیاتر-شانۆی مەزن"ئۆپێرا خەت و خاڵی دا.