پلاسخارت و خه‌زعه‌لی كۆبوونه‌وه
K24 - هه‌ولێر:
نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان له عێراق له‌گه‌ڵ سكرتێری بزووتنه‌وه‌ی عه‌سایبی ئه‌هل هه‌ق كۆبووه‌وه.
جێنین ھێنیس پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان له عێراق له به‌غدا چاوی كه‌وت به قه‌یس خه‌زعه‌لی سكرتێری بزووتنه‌وه‌ی عه‌سایبی ئه‌هلی هه‌ق.
له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا پێشهاته‌كانی عێراق تاوتوێ كرا، جه‌ختیان له پێڕه‌كردنی یاسا بۆ چاره‌سه‌ر كردنی قه‌یرانه‌كانی دوای هه‌ڵبژاردن كرده‌وه.
ماوه‌یه‌ك پێش ئێستا له به‌غدا لایه‌نگرانی ئه‌و گرووپانه‌ی كه سه‌ر به ئێرانن رژانه سه‌ر شه‌قام و ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنیان ره‌ت كرده‌وه، سه‌ره‌نجام توندوتیژی له نێوان خۆپیشانده‌ران و هێزه ئه‌منییه‌كان روویدا و به‌هۆیه‌وه ده‌یان كه‌س بریندار بوون.
له (5ی تشرینی دووه‌م/ نۆڤه‌مبه‌ری 2021) گرژی لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزه ئەمنییەکان له به‌غدا روویدا و خۆپیشاندەران هەوڵی چوون بۆ ناوچەی سەوزیاندا، له ئه‌نجامدا هێزه‌كان رووبه‌ڕوویان بووونه‌وه و چه‌ندین كه‌س له خۆپیشانده‌ران برینداربوون و كه‌سێكیش كوژرا.
بۆ ئه‌م مه‌به‌سته پلاسخارت داوا ده‌كات ته‌واوی كێشه‌كان به رێگه‌ی یاسایی چاره‌سه‌ریان بۆ بكرێت، نه‌وه‌ك به رێگه‌ی دروستكردنی ئاشووب.