رێنماییه‌كانی وەزارەتى خوێندنى باڵا بۆ 30 زەمالەى خوێندن لە هەنگاریا

"پێشکەشکار دەبێت هاووڵاتى هەرێمى کوردستان بێت"
وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا
وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا

K24 - هه‌ولێر:

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى زەمالەى خوێندنى ماستەر/ دکتۆرا لە وڵاتى هەنگاریا بۆ ساڵى خوێندنى (2022-2023) رادەگەیەنێت، کە لە چوارچێوەى رێكه‌وتنامه‌ی نێوان وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاى هه‌رێمی كوردستان و وه‌زاره‌تی توانسته‌ مرۆییه‌كانی هه‌نگاریا ساڵانە (30) سكۆله‌رشیپ (10 ماستەر و 20 دکتۆرا) بۆ قوتابیان و هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان ڕاده‌گه‌ێنێت.

ده‌قی رێنماییه‌كانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی:

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى رایگه‌یاند، لە چوارچێوه‌ی رێكه‌وتنامه‌ی نێوان وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی هه‌رێمی كوردستان و وه‌زاره‌تی توانسته‌ مرۆییه‌كانی هه‌نگاریا کە ساڵانە هەنگاریا (30) سكۆله‌رشیپ بۆ فێرخوازان و هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان راده‌گه‌ێنێت، لە ئێستاوە دەرگاى پێشکەشکردن بۆ سكۆله‌رشیپی خوێندنى باڵاى هەنگاریا دەکرێتەوە بەگوێرەی ئەم مەرج و رێنماییانەى خوارەوە.

مەرج و رێنماییەکانى پێشکەشکردن:

پێشکەشکارانى هەرێمی کوردستان ئاگادار دەکەینه‌وه‌ کە هەنگاریا (30) زەمالەى خوێندن (10 ماستەر و 20 دکتۆرا) پێشکەش بە هەرێمی کوردستان کردووە، بەمەبەستی خوێندنی ماستەر و دکتۆرا بەم شێوەی خوارەوە:

ماستەر:

پێشکەشکار دەبێت هاووڵاتى هەرێمى کوردستان بێت.

پێشکەشکار ئەگەر فەرمانبەر یا مامۆستا بێت لە دام ودەزگاکانی هەرێمی کوردستان، ئەوا دەبێت بە لایەنی کەم دوو ساڵ خزمەتی هەبێت لە دوای بەدەست هێنانی دوایین بڕوانامە، واتا لە دوای بە دەستهێنانی دواین بڕوانامە.

خوێندن لەم زەمالەیە بە زمانی ئینگلیزیە، دەبێت پێشکەشکار بە لایەنی کەم ئاستی زمانی ئینگلیزی (5) IELTS یان هاوتاکەی لە تاقیکردنەوە ستانداردەکانی دیکەی توانستی زمان کە بریتین لە (TOEFL IBT, PTE ) وەک خشتەی بەراوردکاری لە خوارەوەیە:

رێنمایی
رێنمایی

تێبینی:

کاتێک وەزارەتەکەمان داوای دۆکیومێنتی پێویست دەکات، دەبێ تێستی زمان بەسەر نەچووبێت.

داواکار دەبێت لە هەمان بواری خۆی داواکاری بۆ بەرنامەی ماستەر پێشکەش بکات، (واتا بەکالۆریۆس و ماستەرەکەى لە هەمان بوار بێت).

ئەم زەمالەیە پشتگیری مۆڵەتی هاورێیەتی هاوسەری ناکات، هەروەها پڕۆسیسی ڤیزەی هاوسەر و منداڵ ناکرێت.

کاندیدی سەرکەوتوو ئەگەر دامەزراو بێت، ئەوا لەلایەن وەزارەتی پەیوەندیدار تەنیا مۆڵەتی خوێندنی پێدەدرێت واتا بە مووچەی بنەڕەتی و دەرماڵە جێگیرەکان.

لە کاتی داواکردنی بەڵگەنامەکان لە لایەن وەزارەتەکەمان، داواکار دەبێت نوسراوی لاری نەبوون لە فەرمانگەکەی خۆی پێشکەش بکات.

کاندیدی سەرکەوتوو لە لایەن هەنگاریا مانگانە بڕی نزیکەی (120) یۆرۆی وەک دەرماڵەی مانگانە پێدەدرێت و بیمەی تەندروستی و کرێی خوێندن و  بەشی ناوخۆیی لە زانکۆ بۆ دابین دەکرێت، بەڵام کرێی فڕۆکەی بۆ دابین ناکرێت، (بۆ زیاتر وردەکاری تکایە سەردانی مالپەری زەمالەکە بکەن).

دوا مۆڵەت بۆ پێشکەشکردن بریتییە لە 15/1/2022

بۆ زانیاری زیاتر و پێشکەش کردن، تکایە سەردانی ئەم لینکانەی خوارەوە بکەن: https://stipendiumhungaricum.hu

تێبینی:

وەزارەتەکەمان ئەم بوارانەی خوارەوەی بۆ خوێندنی ماستەر دیاری کردووە، واته‌ پێشکەشکار تەنیا دەبێت داواکاری بۆ ئەم بەرنامانەی خوارەوە پێشکەش بکات، بە پێچەوانەوە دواجار لە لایەن وەزارەتەکەمان کاری لە سەر ناکرێت:

رێنمایی
رێنمایی

پێشکەشکردن راستەوخۆ و تەنیا لە رێگەی ماڵپەڕی سەرەکی زەمالەکە (هەنگاریا) دەبێت.

دوای دەرچوونی ئەنجامی بەرایی لەلایەن هەنگاریاوە، وەزارەتەکەمان لە سەر بنەمایی رێنمایی ژمارە (5)ـی سالی 2021 کاندیدەکان هەڵدەبژێردرێن.

ئەگەر کاندیدی سەرکەوتوو پاشگەز بووەوە یا بەردەوام نەبوو لە خوێندن، ئەوا ناوی دەخرێتە لیستی ڕەش و بۆی نییە داواکاری پێشکەش بە هیچ بەرنامەیەکی خوێندنی باڵای ناوخۆیی یا دەرەوە بکات.

هەر کاتێک کاندید بەڵگەنامەی نادروست پێشکەش بە لایەنی هەنگاریا یا وەزارەتەکەمان بکات، ئەوا دەخرێتە لیستی رەش و زەمالەکەی هەڵدەوەشێنرێتەوە.

لەبەر ئەوەی پێشکەشکردن راستەوخۆ لە رێگەی ماڵپەری زەمالەکەیە، و تا دەرچوونی ئەنجامی بەرایی، وەزارەتەکەمان هیچ فایلی لەبەردەست نییە تا کاری لەسەر بکات، بۆیە تا دەرچوونی ئەنجامی زەمالەکە لە رێگەی ماڵپەری وەزارەتەکەمان، بە هیچ شێوەیەک سەردانی وەزارەت مەکەن.

دکتۆرا:

پێشکەشکار دەبێت هاووڵاتی هەرێمی کوردستان بێت.

پێشکەشکار ئەگەر فەرمانبەر یا مامۆستا بێت لە دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان، ئەوا دەبێت بە لایەنی کەم دوو ساڵ خزمەتی کرداری هەبێت لە دوای بە دەستهێنانی دوایین بڕوانامە.

بەڵام سەبارەت بە دەرچووانی بەرنامەی تواناسازی دەبێت پابەندی ئەم رێککەوتننامەیە بن کە پێشتر لەگەڵ وەزارەت واژۆیان کردووە.

خوێندن لەم زەمالەیە بەزمانی ئینگلیزیە، دەبێت پێشکەشکار بە لایەنی کەم ئاستی زمانی ئینگلیزی (5) IELTS یان هاوتاکەی لە تاقیکردنەوە ستانداردەکانی دیکەی توانستی زمان کە بریتین لە (Pearson و IPT TOEFL) (وەک خشتەی بەراوردکاری خوارەوە):

رێنمایی
رێنمایی

تێبینی:

کاتێک وەزارەتەکەمان داوای دۆکیۆمێنتی پێویست دەکات، دەبێ تێستی زمان بە سەر نەچوو بێت.

داواکار دەبێت لە هەمان بواری خۆی داواکاری بۆ بەرنامەی دکتۆرا پێشکەش بکات، (واته‌ ماستەر و دکتۆراکەی لە هەمان بوار بێت).

ئەم زەمالەیە پشتگیری مۆڵەتی هاوڕێیەتی هاوسەری ناکات، هەروەها پرۆسیسی ڤیزەی هاوسەر و منداڵ ناکرێت.

کاندیدی سەرکەوتوو ئەگەر دامەزراو بێت، ئەوا لە لایەن وەزارەتی پەیوەندی دار تەنها مۆڵەتی خوێندنی پێدەدرێت واتە بە مووچەی بنەڕەتی و دەرماڵە جێگیرەکان.

لە کاتی داوا کردنی بەڵگەنامەکان لە لایەن وەزارەتەکەمان، داواکار دەبێت نوسراوی لاری نەبوون لە فەرمانگەکەی خۆی پێشکەش بکات.

کاندیدی سەرکەوتوو لەلایەن هەنگاریا مانگانە بڕی نزیکەی (390- 500) یۆرۆی وەک دەرماڵەی مانگانەى پێدەدرێت، هەروەها بیمەی تەندروستی و کرێی خوێندن و بەشی ناوخۆیی لە زانکۆ بۆ دابین دەکرێت، بەڵام کرێی فڕۆکەی بۆ دابین ناکرێت، (بۆ زیاتر وردەکاری تکایە سەردانی ماڵپەڕی زەمالەکە بکەن).

دوا مۆڵەت بۆ پێشکەشکردن بریتیە لە (15/1/2022).

بۆ زانیاری زیاتر و پێشکەشکردن تکایە سەردانی ئەم لینکانەی خوارەوە بکەن:

 https://stipendiumhungaricum.hu

وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەم بوارانەی خوارەوەی بۆ خوێندنی دکتۆرا دیاری کردووە:

رێنمایی
رێنمایی
رێنمایی

واتا پێشکەشکار تەنیا دەبێت داواکاری بۆ ئەم بەرنامانەی سەرەوە پێشکەش بکات:

پێشکەشکردن راستەوخۆ و تەنها لە رێگەی ماڵپەڕی سەرەکی زەمالەکە (هە نگاریا) دەبێت.

دوای دەرچوونی ئەنجامی بەرایی لەلایەن هەنگاریاوە، وەزارەتەکەمان لەسەر بنەمایی رێنمایی ژمارە (5) ی ساڵی 2021، کاندیدە سەرکەوتووەکان هەڵدەبژێرێت.

ئەگەر کاندیدی سەرکەوتوو پاشگەز بووەوە یان بەردەوام نەبوو لە خوێندن، ئەوا ناوی دەخرێتە لیستی ڕەش و بۆی نییە داواکاری پێشکەش بە هیچ بەرنامەیەکی خوێندنی باڵای ناوخۆیی یا دەرەوە بکات.

هەر کاتێک کاندید بەڵگەنامەی نا دروست پێشکەش بە لایەنی هەنگاریا یا وەزارەتەکەمان بکات، ئەوا دەخرێتە لیستی ڕەش و زەمالەکەی هەڵدەوەشێنرێتەوە.

لەبەر ئەوەی پێشکەشکردن ڕاستەوخۆ لەڕێگەی ماڵپەری زەمالەکەیە، و تا دەرچوونی ئەنجامی بەرایی، وەزارەتەکەمان هیچ فایلی لەبەردەست نییە تا کاری لەسەر بکات، بۆیە تا دەرچوونی ئەنجامی زەمالەکە لەڕێگەی ماڵپەری وەزارەتەکەمان، بەهیچ شێوەیەک سەردانی وەزارەت مەکەن.