"بێلاڕووس کۆچبەران وەک کارتی فشار بەکاردەهێنێت"

"بەپێی یاسا ئەگەر ڤیزاشیان بەسەر بچێت، دەتوانن بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان"
ژمارەیەک کۆچبەر لەسەر سنووری بێلارووس - پۆڵەندا - فۆتۆ: AFP
ژمارەیەک کۆچبەر لەسەر سنووری بێلارووس - پۆڵەندا - فۆتۆ: AFP

K24 – هەولێر

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا رایدەگەیەنێت، کێشەی کۆچبەران لە سنوورەکانی بێلارووس بە سیاسی کراوە و بێلاڕووس کۆچبەران وەک کارتی فشار بەکاردەهێنێت.

عەلی دۆڵەمەری، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا بە کوردستان24ی راگەیاند: "بێلارووس کۆچبەران وەک کارتی فشار بەکاردەهێنێت، ئەگەرنا دەتوانن بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان، بەپێی یاسا کاتێک کەسێک دەچێتە وڵاتێک ڤیزاشی بەسەر بچێت، بیەوێت بەشێوەیەکی ئارەزومەندان بگەڕێتەوە وڵاتی خۆی گرفتی نابێت، ئەگەر وڵاتەکەی قبوڵی بکاتەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لاریان نییە بۆ گەڕانەوەی ئەو کۆچنەرانەی دەیانەوێت بە ئارەزومەندانە بگەڕێنەوە، بەڵام حکومەتی بێلارووس بەهۆی بوونی کێشە لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا نایەوێت ئەوە بکات".

گوتیشی: "لەو بڕوایەدام ئەو کێشەیە لەنێوان بێلارووس و یەکێتی ئەوروپا بە ئاسانی چارەسەر نابێت و درێژە دەخایەنێت، کۆچبەرانی سەر سنووریش دەبنە قوربانی ئەو کێشەیە".

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشدا: "پێویستە حکومەتی عێراق بێتە سەرخەت و لەگەڵ حکومەتی بێلارووس گفتوگۆ بکات، بۆ ئەوەی ئاسانکاری بکرێت بۆ گەڕانەوەی کۆچبەران بۆ وڵاتی خۆیان، بەوپێیەی بێلارووس ئەندام نییە لە یەکێتی ئەوروپا هیچ وڵاتێک ناتوانێت تەدەخول لە کاروباری بێلارووس بکات، بۆیە دەبێ حکومەتی عێراق هەوڵەکانی بۆ ئەم مەبەستە بخاتە گەڕ تا کۆچبەران بە ئارەزومەندانە بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان".

ئاماژەی بەوەشدا: "بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی لە بەرپرسانی فەرەنسا بیستومە ئەوان پابەندن بەوەی یان رێگری لە هاتنی ئەو کۆچبەرانە دەکەن بۆ ئەوروپا، یان دەبێ لە وڵاتی بێلارووس داوای پەنابەری بکەن یان بگەڕێنەوە وڵاتەکانی خۆیان".

عەلی دۆڵەمەری، ئەوەشی خستەڕوو: "کێشەی نێوان یەکێتی ئەوروپا و بێلارووس کێشەیەکی قوڵە و چارەسەرکردنی ئەستەمە، بەهۆی ئەو گەمارۆیانەی لەلایەن یەکێتی ئەوروپا خراوەتە سەر بێلارووس. ئێستا حکومەتی بێلارووس کار لەسەر ئەوە دەکات یەکێتی ئەوروپا بکاتە دووبەرە و لەتی بکات، لەراستیدا لەناو یەکێتی ئەوروپاش بۆچوونی جیاواز هەیە لەسەر بڕیارەکان، بەڵام ئەگەر وڵاتانی وەک ئەڵمانیا، فەرەنسا، ئیتاڵیا لە دژی بێلارووس بەردەوام بن، دڵنیام یەکێتی ئەوروپا سەرکەوتوو دەبێت لە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دژی بێلارووس".

لەبارەی پێدانی مافی پەنابەرێتی لە ئەوروپا عەلی دۆڵەمەری گوتی: "ئێستا پێدانی مافی پەنابەرێتی ئاسان نییە ئێستا زیاتر 10 هەزار پەنابەر لە فەرەنسا مافی نیشتەجێبوونیان نییە، کە لەناویاندا 3 هەزاریان کوردی هەرێمی کوردستانن. ئەو کەسەی داوای مافی پەنابەرێتی دەکات دەبێ بەڵگەی هەبێت بۆچی وڵاتی خۆی جێهێشتووە. ئێستا نوێنەری وڵاتانی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان هەن، دەزانن کە هەرێمێکی ئازادە و پێکەوەژیان هەیە، جگە لەوە ئاوارەکان لە سووریا و شارەکانی عێراق روویان کردووەتە هەرێمی کوردستان. هاووڵاتی کوردستان هەیە نزیکەی 15 ساڵە لە ئەوروپایە مافی پەنابەرێتی پێنەدراوە، کە مافی پەنابەڕێتی نەبێت ژیان لە ئەوروپا سەختە، ئێستاش هیچ گەرەنتییەک نییە بۆ ئەو کەسانەی دێنە ئەوروپا مافی پەنابەرێتی وەربگرن".