گوشارەکانی ئەمەریکا نرخی نەوتی دابەزاند

نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت بۆ خوار 80 دۆلار دابەزی
نرخی نەوت
نرخی نەوت

K24 - هەولێر

دوای ئەوەی واشنتن داوای لە گەورە کۆمپانیاکانی کرد سوود لە بەکارهێنانی نەوتی ستراتیجی وەربگرن، نرخی نەوت لە مامەڵەکانی ئەمڕۆیدا دابەزی.

ئامانج لەو هەوڵەی ئەمەریکا رووبەڕووبوونەوەی گرانبوونی نرخی نەوتە لە بازاڕەکانی جیهان و گوشار خستنە سەر وڵاتانی هەناردەکاری نەوتە، بۆ ئەوەی ئاستی بەرهەمهێنان و هەناردەکردن بەرزبکەنەوە.

لەسەر ئاستی مامەڵەکاندا نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بە رێژەی 0.41% بۆ 79.95 دۆلار دابەزی، بەمەش بۆ کەمترین ئاستەکانی لە دوای سەرەتاکانی مانگی تشرینی یەکەم دابەزی.

نرخی بەرمیلێک نەوتی رۆژئاوای تێکساسیش بە رێژەی 0.91% بۆ 77.65 دۆلار دابەزی، دوای ئەوەی لە مامەڵەکانی دوێنێدا نزیکەی %3ی نرخەکەی لەدەستدا.

لەگەڵ گەشانەوەی خێرای بازاڕەکان و بەهێزبوونی خواست نرخی نەوت بە پاڵپشتی سیاسەتی ئۆپێک پڵەس بۆ بەرزترین ئاستی حەوت ساڵی رابردووی بەرزبووەوە.

ئاژانسی نێودەوڵەتی بۆ وزە و رێکخراوی ئۆپێک رایانگەیاندووە، لەم چەند هەفتەی ئایندەدا رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوتی زیاتر دەخرێتەڕوو، ئەمەش هاوتایە لەگەڵ سیاسەتی ئۆپێک پڵەس.