سه‌در داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یه‌كجاری گرووپه چه‌كداره‌كان ده‌كات

K24- هه‌ولێر:
موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در داوای كرد، هه‌موو گرووپه چه‌كداره‌كانی عێراق به‌یه‌كجار هه‌ڵوه‌شێندرێنه‌وه و وه‌ك قۆناغی یه‌كه‌م چه‌كه‌كانیان راده‌ستی حه‌شدی شه‌عبی بكه‌ن و مه‌رجی راده‌ستكردنی گه‌نده‌ڵكارانیش بۆ به‌رشداریكردنی له حكومه‌تی داهاتوو، بۆ لایه‌نه دۆڕاوه‌كانی هه‌ڵبژاردن دیاریكرد.
له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له شاری نه‌جه‌ف، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در په‌یامێكی ئاراسته‌ی ئه‌و لایه‌نه سیاسییانه كرد، كه خۆیان به دۆڕاوی هه‌ڵبژاردن ده‌زانن و هۆشداری ئه‌وه‌ی پێدان، "كه ئه‌و لایه‌نانه دۆڕانی خۆیان نه‌كه‌نه ده‌ستپێكێك بۆ تێكدانی پرۆسه‌ی دیموكراتی و كۆتاییهێنانی ئه‌و پرۆسه‌یه له عێراقی ئێستا و داهاتوو"، داواشی له سه‌ركرده‌كانی ئه‌و لایه‌نانه كرد، پێداچوونه‌وه به‌خۆیاندا بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی متمانه‌ی گه‌ل به‌ده‌ستبهێننه‌وه و روو له‌و سه‌ركردانه گوتیشی: "ئه‌گه‌ر ئه‌وه نه‌كه‌ن دووركه‌وتنه‌وه‌ی گه‌ل له ئێوه زیاتر ده‌بێت".
سه‌در ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "هه‌ركاتێك بتانه‌وێت به‌شداری له پێكهێنانی حكومه‌تدا بكه‌ن، سه‌ره‌تا ده‌بێت لێپرسینه‌وه له‌گه‌ڵ ئه به‌رپرسانه‌ی خۆتان بكه‌ن، كه له دۆسیه‌ی گه‌نده‌ڵیدا تێوه‌گلاون و راده‌ستی دادگای دادپه‌روه‌رانه بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستبه‌جێ هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌ر راستییه‌كان، هه‌روه‌ها حه‌شدی شه‌عبیش له كه‌سانی له‌یاسا ده‌رچوو بژار بكرێت و ناوی حه‌شد نه‌خزێنرێته ناو سیاسه‌ت".
راده‌ستكردنی چه‌ك و پچڕاندنی په‌یوه‌ندی
هه‌ر له‌و كۆنگره رۆژنامه‌وانییه‌دا، سه‌در داوای له‌و لایه‌نانه كرد، "هه‌موو په‌یوه‌ندییه ده‌ره‌كییه‌كانیان له به‌رژه‌وه‌ندی پارێزگاریكردن له سه‌روه‌ری و شكۆی عێراق بپچڕێنن و په‌یوه‌ندیكردن له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه، ته‌نیا له رێگه‌ی كه‌ناڵه دیپلۆماسییه فه‌رمییه‌كانه‌وه بێت و ده‌ست له كاروباری وڵاتانی دراوسێ وه‌رنه‌ده‌ن و گه‌لی عێراق په‌لكێشی هیچ جه‌نگێك نه‌كرێت، كه ده‌رچوون لێی ئه‌سته‌مه"، داواشی كرد، "ته‌واوی گرووپه چه‌كداره‌كان به‌یه‌كجار هه‌ڵوه‌شێندرێنه‌وه و وه‌ك قۆناغی یه‌كه‌م چه‌كه‌كانیان به سه‌رپه‌رشتی فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه چه‌كداره‌كان راده‌ستی حه‌شدی شه‌عبی بكرێن".
له‌باره‌ی پێكهێنانی حكومه‌تی داهاتوو، سه‌در گوتی: "ته‌نها بژارده‌كان یان حكومه‌تی زۆرینه‌ی نیشتمانی یانیش ئۆپۆزسیۆنی نیشتمانی (...). گه‌ل ده‌یه‌وێت ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان خێرا بن و پێكهێنانی حكومه‌تیش خێرا بێت".
له گوته‌كانیدا له دژی به‌شێك له گرووپه‌كان، سه‌در گوتی: "هێزی مه‌زهه‌بی له‌ڕێگه‌ی سه‌پاندنی هێز و ناكۆكییه مه‌زهه‌بییه‌كانه‌وه ناكرێت، ئه‌وه‌ی له مووسڵی بریندار به‌ناوی جیهاد رووده‌دات، پێویسته به په‌له سنوورێكی بۆ دابنرێت".
سه‌در كۆتایی قسه‌كانی به داواكارییه‌ك له‌و هێزانه هێنا، كه تێڕوانینیان له هی خۆیه‌وه نزیكه و گوتی: "له پڕۆژه‌ی چاكسازی، كه مه‌رجه‌عیه‌ت و گه‌ل به درێژایی چه‌ند ساڵی رابردوو داوایانكردووه، ده‌بینه هاوبه‌شی یه‌ك و به‌یه‌كه‌وه نیشتمان بنیات ده‌نێین و به‌بێ توندوتیژی به‌ره‌و چاكسازی و ئاوه‌دانكردنه‌وه هه‌نگاو ده‌نێین".