كۆچبه‌رێك له‌كاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی: ئه‌وه‌ی پێی ده‌گوترێت مرۆڤایه‌تی نه‌مانبینی
K24 – هه‌ولێر:
ژماره‌ی ئه‌و کۆچبەرانەی كه له رێگه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر به راسپارده‌ی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گه‌ڕانه‌وه 431 کەس بوو، كه له سنووره‌كانی بێلارووس و پۆڵه‌ندا له دۆخێكی زۆر خراپی مرۆیی دا بوون و بەشێکیشیان پەشیمانی خۆیان ده‌ربڕی کە ئەم رێگایەیان گرتبووه بەر و کوردستانیان جێهێشتبووە.
له مباره‌یه‌وه كۆچبه‌رێك به كوردستان24ـی راگه‌یاند، ئه‌وه‌ی ناخۆشی بوو له نه‌خۆشی و برسێتی و هیلاكی بینیمان، زۆر سوپاس بۆ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه هه‌وڵی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئێمه‌یدا.
جوتیار عادل، گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به كوردستان24ـی راگه‌یاند، نزیكه‌ی له سه‌دا 95 ئه‌و كۆچبه‌رانه‌ی سه‌ر سنووری بێلارووس و پۆڵه‌ندا كوردن، په‌یوه‌ندی به وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراقی فیدڕاڵ كراوه، له‌سه‌ر راسپارده‌ی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاسانكاری بۆ گه‌ڕانه‌وه‌یان رایی كراوه.
کۆچبەرێکی دیکە بە ھەناسە ساردیەوە به كوردستان 24ـی راگه‌یاند، زۆر دڵخۆشم کە گەڕاومەتەوە، ئەوەی ناوی مرۆڤایەتی بێت لەوێ نەمانبینی.
سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش له تویتێكدا خۆشحاڵی به گه‌ڕانه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك كۆچبه‌ر ده‌ربڕیوه و نووسیویه‌تی خۆشحاڵم بە سەلامەتی گەڕانەوەی ئەو هاووڵاتییانەی کە لە سنووری نێوان بێلارووس و پۆڵەندا گیریان خواردبوو.