ئهو كهسانهی بازرگانی به مرۆڤهوه دهكهن سزا دهدرێن
K24 - ههولێر:
ههوڵهكانی حكومهتی ههرێمی كوردستان بۆ پێشکەشکردنی کارئاسانی لە پێناو گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی کۆچبەران ستایش دهكرێت، به تایبهتی ئەو رێکارانەی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە گیراونەتەبەر بەرامبەر ئەو تاوانبارانەی بازرگانی بە مرۆڤەوە دەکەن. جگە لەمە لیژنەیەکی تایبەتمەندیش پێکھاتووە بۆ لێکۆڵینەوە لەو کەسانەی بازرگانی بە ژیانی کۆچبەران و خەڵکی ھەرێمی کوردستانەوە دەکەن، کە پێچەوانەی بنەماکانی مافی مرۆڤە.
حکومەتی ھەرێمی کوردستان لیژنەیەکی تایبەتمەندی پێکھێناوە بۆ سزادانی ئەو کەسانەی کە بازرگانی بە ژیانی ھاووڵاتیان و کۆچبەرانی ھەرێمی کوردستانەوە دەکەن، ھەموو ئامادەکارییهكیشی کردووە بۆ ئەو کەسانەی بە ئارەزوومەندانە دەیانەوێت بگەڕێنەوە ھەرێمی کوردستان.
سلێمان موحسین، بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندییەکان و راگەیاندن لە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ دەڵێت ئەوەی کرا بەرامبەر بە کۆچبەران تەواو پێچەوانەی بنەماکانی مافی مرۆڤە و حکومەتی ھەرێمیش کەمتەرخەم نەبووە لە بەھاناوە چوونیان.
سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە، کە چیرۆکی کۆچبەران یارمەتی ھەوڵەکانی حکومەت دەدات بۆ دڵنیابوون لە دووبارەنەبوونەوەی ئەو دۆخە، ھەروەھا بەردەوام دەبن لە کارکردن لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی و ھاوبەشەکانیان بۆ ھێنانەوەی ھەموو ئەوانەی دەیانەوێت بگەڕێنەوە ماڵی خۆیان.
بارزان مەنتك، سەرۆکی فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومیەکان ئاماژهی بهوه كرد، فەرمانگەكهیان لە رێگەی رێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەکانەوە ھاوکار دەبن تا ئامانجەکانی حکومەت لە باشترکردنی بژێوی ژیانی خەڵک بەدیدێن.
حکومەتی ھەرێمی کوردستان جگە لەوەی جدی بوو لە ھەوڵەکانی بۆ گەڕانەوەی کۆچبەران و بەردەوامیش دەبێت لە کارکردن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بۆ هێنانهوهی هەموو ئەوانەی دەیانەوێت بگەڕێنەوە ماڵی خۆیان، لەگەڵ ئەوەشدا ههرێمی كوردستان بووهتە پەناگەیەکی ئارام بۆ زیاتر لە ملیۆنێك و 600 ھەزار ئاوارە و پەنابەر، کە سەرەڕای دابینکردنی شوێنی مانەوەیان، خەرجی خزمەتکردنشیان لە ئەستۆگرتووە.