مەسرور بارزانی لەگەڵ وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوەی ئەڵمانیا کۆدەبێتەوە

پێشوازی له‌هه‌ر هه‌ماهه‌نگییه‌كی وڵاتانی ئه‌وروپا ده‌كه‌ین بۆ به‌هاناوه‌چوون و چاره‌سه‌ركردنی پرسی كۆچبه‌ران
کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ میگێل بیرگەر وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوەی ئەڵمانیا - مەنامە - بەحرەین
کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ میگێل بیرگەر وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوەی ئەڵمانیا - مەنامە - بەحرەین

K24 - هەولێر

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەراوێزی بەشداریکردنی لە دایه‌لۆگی مه‌نامه‌ 2021 له‌ پایته‌ختی به‌حره‌ین، لەگەڵ میگێل بیرگەر وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوەی ئەڵمانیا، کۆدەبێتەوە.

ئەمڕۆ شەممە 20 ی نۆڤێمبەری 2021 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ میگێل بێرگەر وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی ئەڵمانیا و هەرێمی کوردستان و دۆخی کۆچبەران لەسەر سنووری بێلارووس و پۆڵەندا کرا.

وەزیری دەوڵەتی ئەڵمانیا، سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ ئەو رێکارانەی گرتوویەتەبەر لە بەرامبەر ئەوانەی بازرگانی بە مرۆڤەوە دەکەن و ڕێگریکردن لە کۆچکردنی نایاسایی و کارئاسانیکردن بۆ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی کۆچبەران بۆ هەرێمی کوردستان.

سەرۆکی حکومەت، ئاماژەی بەوەدا کە هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە هەر هاریکاریی و هەماهەنگییەک لە گەڵ وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا دەکات بۆ بەهاناوەچوون و چارەسەرکردنی کێشەی کۆچبەرانی سنووری بێلارووس و پۆڵەندا. لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەرفەتەکانی برەودان بە وەبەرهێنان و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی و بارودخی گشتی عێراق دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران تاووتوێ کرا.