ژماره‌یه‌ك كۆچبه‌ری كورد له‌ سنووری نێوان بێلاڕووس و پۆڵه‌ندا برینداركران

به‌ ڤیدیۆ.. ژنه‌ كۆچبه‌رێك: توخوا به‌هانامانه‌وه‌‌ وه‌رن
ژماره‌یه‌ك په‌نابه‌ری عێراقی له‌ سنووری بیلاڕووس
ژماره‌یه‌ك په‌نابه‌ری عێراقی له‌ سنووری بیلاڕووس

K24 - هه‌ولێر:

ژمارەیەك كۆچبەری كورد لە سەر سنووری نێوان پۆڵەندا و بێلاڕووس گیریانخواردووە و داوای بە ھاناوەچوون لە حكومەتی ھەرێمی كوردستان دەكەن.

چەند كۆچبەرێك پەیوەندییان بە كوردستان24ەوە كردووە و دەڵێن لەسەر سنوورین و ناتوانین بەھیچ شێوەیەك بگەینەوە "مینسك"ی پایتەختی بێلاڕووس، ھیچ خواردن و خواردنەوەیەكمان پێ نەماوە و داوا دەكەین حكومەتی ھەرێمی كوردستان بە ھانامانەوە بێت و لەم دۆخە خراپەی رووبەڕوومان بووەتەوە، رزگارمان بكات.

كۆچبەرەكان دەڵێن پەشیمانین لەو رێگەیەی گرتوومانەتەبەر و لەلایەن قاچاغچییەكانەوە فێڵمان لێكراوە و لە جەنگەڵێكی بێلاڕووس بەجێھێڵدراوین و ناتوانن بەھیچ شێوەیەك لە پۆڵەندا یان بێلاڕووس نزیكببینەوە، چونكە لەلایەن سەربازانی ئەو دوو وڵاتەوه‌ بە شێوەیەكی نامرۆڤانە مامەڵەمان لەگەڵ دەكەن.

وەك كۆچبەرەكان باسی دەكەن، ژن و منداڵیان لەگەڵە و ماوەی چەند رۆژێكە خۆراك و ئاویان لێ بڕاوە و تەنیا داوای رزگاربوون دەكەن و دەیانەوێت بگەڕێنەوە ھەرێمی كوردستان، به‌ڵام نازانن چۆن خۆیان بگه‌یه‌ننه‌وه‌ مینسك، تا له‌وێوه‌ بێنه‌وه‌ نیشتمان.

له‌ گرته‌ ڤیدیۆییه‌ك كه‌ بۆ كوردستان24یان ناردووه‌، ژماره‌یه‌ك كۆچبه‌ری كورد دیمه‌نی ئه‌و بریندارانه‌ نیشان ده‌ده‌ن، یه‌كێك له‌ برینداره‌كان ده‌ڵێت: له‌ ماوه‌ی 5 كاتژمێردا پۆلیسی بێلاڕووس لێیانداوم.

هه‌ر له‌و گرته‌ ڤیدیۆییه‌ ده‌ركه‌وتووه‌، ژنه‌ كۆچبه‌رێك ره‌وشی خۆی باس ده‌كات و ده‌ڵێت: "توخوا به‌هانامانه‌وه‌ وه‌رن و هاوكاریمان بكه‌ن"، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و كۆچبه‌رانه‌ په‌یشمانن كه‌ چوونه‌ته‌ ئه‌وێ، به‌ڵام له‌لایه‌ن سه‌ربازانی هه‌ردوو وڵاته‌وه‌ رێگه‌یان لێگیراوه‌، ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌.