بۆ دووەم هەفتە هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەمەریکا کەمدەکات

زۆرینەی هاوردەی نەوتی لە کەندا بووە
ئەرشیف
ئەرشیف

K24 - هەولێر

فەرمانگەی وزەی ئەمەریکا رایگەیاند، هاوردەی نەوتیان لە عێراق بۆ 42 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە کەمیکردووە.

فەرمانگەی وزەی ئەمەریکا راپۆرتێکی گشتگیری لەبارەی هاوردەی نەوت لە هەفتەی رابردوودا بڵاوکردەوە، بە گوێرەی راپۆرتەکە بە درێژایی هەفتەی رابردوو 5 ملیۆن و 442 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لە 10 وڵات هاوردەکراوە، بەراورد بە هەفتەی پێشووتر بڕی 339 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە زیادیکردووە.

لەبارەی عێراق لە راپۆرتەکەدا هاتووە، بە درێژایی هەفتەی رابردوو رۆژانە 42 هەزار بەرمیل نەوتیان لە عێراق هاوردەکردووە، لە کاتێکدا لە هەفتەی پێشووتر هاوردەی نەوتیان لە عێراق 51 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بووە.

لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، زۆرینەی هاوردەی نەوتی لە هەفتەی رابردوو لە کەنەدا بووە و رۆژانە 3 ملیۆن و 429 هەزار بەرمیل نەوت هاوردەکردووە، دواتر مەکسیک بە بڕی 499 هەزار بەرمیل و سعوودیەش لە پلەی سێیەمدا بە بڕی 453 هەزار بەرمیل و دواتر رووسیا بە بڕی 408 هەزار بەرمیلی رۆژانە نەوتیان لێ هاوردەکراوە.