فەتح بە فەرمی داوای هەڵوەشاندنەوەی هەڵبژاردنی عێراق دەکات

"داوایانکردووە تا یەكلاییكردنەوەی داواكەیان، راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی دوابخرێت"
فۆڕمی دەنگدانی عێراق - فۆتۆ: aa
فۆڕمی دەنگدانی عێراق - فۆتۆ: aa

K24 - هەولێر

هاوپەیمانی فەتح بە فەرمی داواکاری هەڵوەشاندنەوەی هەڵبژاردنی پێشکەش بە دادگای فیدڕاڵی عێراق کرد.

مەحموود رەبیعی، گوتەبێژی بزووتنەوەی حقوق، سەر بە میلیشیای عەسائیب ئەهلولحەق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هاوپەیمانی فەتح داوایەكی یاسایی پێشكەش بە دادگای باڵای فیدراڵی كردووە، بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەڵبژاردنی 10ی ئۆکتۆبەر.

رەبیعی، گوتیشی: "بەڵگەی هونەری و یاسایی لەگەڵ داواکارییەکەدا هاوپێچکراوە، هەروەها داواشکراوە تا یەكلاییكردنەوەی داواكەیان، راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی دوابخرێت".

لە 10/10/2021، هەڵبژاردن بۆ خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، دوای راگەیاندنی ئەنجامەکان چەند لایەنێک ناڕازیبوونی خۆیان راگەیاند و خۆپیشاندانیان دەستپێکرد. کە چەند جارێک خۆپیشاندانەکان بوونەتە هۆی پشێوی نانەوە. تا ئێستا لایەنگرانی فەتح و چەکدارانی حەشدی شەعبی، لەسەر خۆپیشاندان و مانگرتنی بەردەم ناوچەی سەوزی بەغدا بەردەوامن.